دادگای فیدراڵی: سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆککۆمار لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان نادەستورییە

01-03-2022 02:59

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان نادەستورییە.

دادگاکە دەڵێت، ھیچ دەقێکی دەستوریی و یاسایی نییە پاڵپشتی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات بۆ ئەو بڕیارە، بەڵام دەکرێت پەرلەمان بە دەنگدان ئەو بڕیارە بدات.

بەپێی بڕیارەکەی دادگا، خۆکاندیدکردنی ڕێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی لە گەڕی دووەمی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن ڕەتکرایەوە، بەڵام ئەگەر پەرلەمان بڕیاری سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بدات کاندیدەکەی پارتی دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو تائێستا ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا نییە بۆ دەنگدان بە یەک کاندیدی هاوبەش، پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستەکەدایە.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق ناوی ٣٣ کاندیدی نوێی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ڕاگەیاند.

دیارترین کاندیدە کوردەکان بریتی بوون لە؛ بەرھەم ساڵح کاندیدی یەکێتی، ڕێبەر ئەحمەد لە پارتی ، ڕێبوار عەبدولرەحمان کاندیدی نەوەی نوێ، ڕزگار محەمەدئەمین و لەتیف ڕەشید وەک سەربەخۆ.

بڕیاربوو کۆتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک ئەنجام بدات، بەڵام هێشتا ڕوون نییە بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان چ گۆڕانکارییەکی بەدوادا دێت.