پارتی لە کێبڕکێی سەرۆککۆمار ناکشێتەوەو پرسەکە دەباتە پەرلەمانی عێراق

01-03-2022 05:27

پەرەگراف

پارتی سوورە لەسەر مانەوە لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، کاردەکات لە پەرلەمانەوە دەرگای خۆپاڵاوتن جارێکی دیکە بکرێتەوە.

شێروان دوبەردانی پەرلەمانتاری پارتی لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا کە بڕیارە پێنج شەممەی داهاتوو بێت داواکاریی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین تا ئەو پرسە بێتەوە ناو پەرلەمان و بڕیاری لەبارەوە بدرێت".

پارتی و هاوپەیمانەکانی کە سەدرو سوننەکانن سەرۆکایەتی پەرلەمانیان بەدەستەوەیەو زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە، ئەگەر پێکەوەبن دەتوانن ئەو بڕیارە بدەن و دەرگا بۆ پارتی بکەنەوە جارێکی دیکە کاندید پێشکەش بکات.

ئەوەش دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ بڕیاریدا کە گەڕی دووەمی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نادەستورییە.

دادگاکە دەڵێت، دەکرێت پەرلەمان بە دەنگدان بڕیار بدات بە سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن نەک سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات.

بەپێی بڕیارەکەی دادگا، خۆکاندیدکردنی ڕێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی لە گەڕی دووەمی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن ڕەتکرایەوە، بەڵام ئەگەر پەرلەمان بڕیاری سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بدات کاندیدەکەی پارتی دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوەو ڕێکارەکان بگرێتەبەر.