بێریڤان ئەیوب مانگرتنی لە خواردن و خواردنەوە دەستپێكرد

01-03-2022 05:32

پەرەگراف- فەرمان سادق

بێریڤان ئەیوب، چالاكی دەستگیركراوی بادینان، مانگرتنی لە خواردن و خواردنەوە دەستپێكرد و دەڵێت "مانگرتن ناشكێنێت تا یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكە و ئازادكردنی".

ئەو چالاكوانە ئەمڕۆ لە زیندانەوە بە تەلەفۆن بە پەرەگرافی وت "دوێنێ بەبێ هیچ هۆكارێك و بە حیساب نەكردن بۆ ئەو ئازار و سەختییەی لە زیندان بینیومە، دادگاییەكەم دواخرا و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم بێ بەڵگە و بێ بنەمان، هەر بۆیە لە ساتی دواخستنی دادگاییەكەوە مانگرتنم دەستپێكردووە و هەر زیانێك بە تەندروستیم بگات حیزبی دەسەڵاتدار بە بەرپرس دەزانم".

بێریڤان ئەیوب، چالاكای مەدەنیی بادینان، ماوەی 17 مانگە لە زینداندایە و تا ئێستا دادگایی نەكراوە. دوو جار لە 14 و 28ی مانگی ڕابردوو دانیشتنی دادگایی هەبووە، بەڵام هەر جارەی بە پاساوێك دواخراوە.

ئەو ژنە چالاكە تۆمەتی هەوڵدان بۆ "تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان"ی دراوەتە پاڵ، ئەو تۆمەتەی كە چالاكانی دیكەی بادینانی پێ‌ سزا دراوە.

دوێنێ‌ بڕیاربوو دانیشتنی دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب بەڕێوە بچێت، بەڵام ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەر لە دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەبەر ئەوەی 10 دۆسیەی دیكە لە دادگا هەبوون، دادگا پێڕانەگەیشت ئەو دۆسیەش بەڕێوە ببات".

ئەو پارێزەر وتیشی "ئێمە چەندین جارە داوا دەكەین كە وەكوو پارێزەرانی، بێریڤان ئەیوب ببینین، بەڵام بەداخەوە ڕێگە نادەن".

سەبارەت بە دۆسیەكەشی، ڕەمەزان ئەرتیسی وتی "داوامان كرد دۆسیەكەی بێریڤان ببینین، بەڵام بەداخەوە تەنیا 10 خولەك مۆڵەتیان دا بە ئێمە بۆ خوێندنەوەی دۆسیەكە كە زیاتر لە 100 لاپەڕەیە".

بەپێی قسەی پارێزەرانی دۆسیەكە، یەك شاهێد و یەك هەواڵدەری نهێنی لە دۆسیەی بێرڤان ئەیوبدا هەن، كە هەواڵدەرەكە ئەمڕۆ ئامادە نەبووە و شاهێدەكەش وتوویەتی "من بە هیچ شێوەیەك بێریڤان ناناسم".

بێریڤان ئەیوب و چەند كەسێكی تر، تۆمەتبار كراون بەوەی كە گرووپێكیان هەبووە و پەیوەندییان بە ڕێكخراوێكی دەرەكییەوە هەبووە بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەناو دۆسیەكەشیدا قسەی ناو گرووپچاتێك هەیە كە پارێزەرانی دۆسەكە لەبەر كەمیی كات فریا نەكەوتوون وردەكاریی قسەكان بخوێننەوە.

بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەكە، بە پەرەگرافی وت "لە سەرەتای ئەم دۆسیەوە تا ئێستا پێشێلكاریی تێدا بووە تا ئێستا، لە قۆناغەكانی بەر لە دادگاییكردن ڕێگەیان نەداوە بێریڤان ببینین".

*بێریڤان؛ تاقانەكەی زیندانییانی بادینان