نرخی نەوت گەیشتە ١١٣ دۆلار و حكومەتی هەرێم مووچە دابەش ناكات

02-03-2022 09:45

پەرەگراف

نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ یەكەم جار لە هەشت ساڵی ڕابردوودا گەیشتە 113 دۆلار، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە كاریگەریی لەسەر داهات و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەبووە، لەو چوارچێوەیەشدا 36 پەرلەمانتار بە یاداشتێك داوای بانگهێشتی وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتییەكان دەكەن بۆ پەرلەمان.

لە ماوەی ڕابردوودا نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام بووە و بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاشەوە ئەمڕۆ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای سەرهەڵدانی ڕێكخراوی داعش، بە جۆرێك یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 113 دۆلاری ئەمریكی.

حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتەكەیەتی و ڕۆژانە دەوروبەری 450 هەزار بەرمیل هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات، كەچی ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت كاریگەریی لەسەر باشتركردنی دۆخی مووچە، خزمەتگوزاری، بژێویی خەڵك و بووژانەوەی بازاڕ نەبووە.

بە پێچەوانەوە لە ئێستادا دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە دۆخێكی خراپدایە، بە جۆرێك هیشتا بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان و خانەنشینان لە سلێمانی مووچەی مانگی یەكیان وەرنەگرتووە و دیارنییە كەی دابەشكردنی مووچەی مانگی دوویش دەست پێ دەكات. وەزارەتی دارایی دەڵێت، پارەی پێویستیان لەبەردەست دا نییە بۆ دابەشكردنی مووچە.

هەرلەسەر دۆسیەی نەوت و داهات، ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران داوا دەكەن وەزیرانی دارایی و سامانەسروشتییەكان بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان بكرێن.

یاداشتێك بە واژۆی 36 پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە و داوای دانیشتنێكی تایبەت دەكەن بە ئامادەبوونی هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب و كەمال ئەتروشی، لەسەر دۆسیەی نەوت و ناشەفافی و داهاتی ناوخۆ و گرانبوونی سووتەمەنی.

شێركۆ جەودەت و عومەر گوڵپی، ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن، دواخستنی مووچە هیچ پاساوێكی نییە و داهات لە ئێستادا زیاترە لە یەك ترلیۆن دینار و بەبێ 200 ملیارەكەی بەغداد بەشی مووچە و خەرجیی دەكات.