پارتی دەڵێت: دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆککۆمار دەکرێتەوەو ڕێبەر ئەحمەد تاکە کاندیدمانە

03-03-2022 03:46

پەرەگراف- فەرمان سادق

پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆککۆمار دەدات، پارتی دەڵێت: بە ئاسانی تێدەپەڕێت و ڕێبەر ئەحمەد تاکە کاندیدیانە.

خدر عەلی مەنتک پەرلەمانتاری پارتی لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "دەنگدان لەسەر کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆککۆمار لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پەرلەماندا بە ئاسانیی تێدەپەڕێنن لەبەرئەوەی پێویستی بە دەنگی ١٦٥ پەرلەمانتارەو ئەزموونی پێشترمان هەیە کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەماندا زیاتر لە ٢٠٠ دەنگمان هەبووە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی "ڕێبەر ئەحمەد تاکە کاندیدی پارتییە بۆ سەرۆککۆمار".

پارتی و هاوپەیمانەکانی کە سەدرو سوننەکانن سەرۆکایەتی پەرلەمانیان بەدەستەوەیەو زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە، ئەگەر پێکەوەبن دەتوانن ئەو بڕیارە بدەن و دەرگا بۆ پارتی بکەنەوە جارێکی دیکە کاندید پێشکەش بکات.

لەبارەی هاوپەیمانیی سێ قۆڵیی کە پارتی و سەدرو سوننەکانن، خدر عەلی مەنتک وتی "ئەو هاوپەیمانێتییە وەکخۆیەتی و وەک ئەوەوایە یەک فراکسیۆن بین".

هەوڵەکەی پارتی بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لە پەرلەمانەوە دوای ئەوەدێت دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە گەڕی دووەمی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نادەستورییە و دەکرێت پەرلەمان بە دەنگدان بڕیار بدات بە سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن نەک سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو تائێستا ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا نییە بۆ دەنگدان بە یەک کاندیدی هاوبەش، پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستەکەدان.