شاسوار عەبدولواحید: داهاتی نەوتی هەرێم بدرێتە بەغداد لەسەدا ١٧ی بودجە دەنێرن

03-03-2022 08:09

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی هاوپەیمانیی لە پێناو خەڵک، پڕۆژیەکی بۆ چارەسەری کێشەی نەوت لە نێوان هەرێم و عێراق ڕاگەیاند، بەپێی پڕۆژەکە "داهاتی نەوتی هەرێم تێکەڵ بە داهاتی عێراق دەکرێت و لە بەرامبەردا هەرێم لەسەدا ١٧ لە کۆی بودجەی عێراق وەردەگرێت".

پڕۆژەی هاوپەیمانییەکە لە ٨ خاڵ پێکهاتووەو داوای پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق و مانەوەی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.

شاسوار عەبدولواحید لە میانی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی تووندی لە حکومەتی هەرێم گرت، وتی "ته‌حه‌دای سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌م ته‌نها مانگێك داهاتی نه‌وت و خاڵه‌ سنورییه‌كان ڕادەستی من و ئەم رۆژنامه‌نوسانە بكات ئه‌گه‌ر داهات دوو هێنده‌ی موچه‌ نه‌بوو‌ من واز له‌ سیاسه‌ت دە‌هێنم".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لە خەڵک و مووچەخۆران کرد ناڕەزایی دەرببڕن و مانگرتن و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، وتیشی "پارەی نەوت و خاڵە سنورییەکان بەشی زۆری بۆ کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتی دەڕوات".