ڕووسیا دەستی بەسەر گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەورووپادا گرت

04-03-2022 12:20
بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە وێستگەکە، ٤-٣-٢٠٢٢.

پەرەگراف

بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، هێزەکانی ڕووسیا دەستیان بەسەروێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە شاری زاپۆریژیای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گرتووە.

بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر و دوکەڵ لە وێستگەکە بەرزبووەوە، بەڵام بەشە گرنگەکانی نەگرتەوەو وێستگەکە تائێستا سەلامەتە.

سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریی دایە وڵاتانی ئەورووپا کە هەرتەقینەوەیەکی ئەتۆمی لە وێستگەکە ڕوو بدات، کۆتایی بە ئەورووپا دەهێنێت.

 

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەمووئەورووپای خستووەتە مەترسییەوە. جۆنسن داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەوبارەیەوە کرد.

هەروەها جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا قسەی کرد و زانیاریی لەسەر ڕووداوەکە وەرگرتووە.

وەزیری وزەی ئەمریکایش لە تویتەر ڕایگەیاند، دوای کەوتنەوەی ئاگر لەنزیک وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، بڕیاریان داوە تیمی وەڵامدانەوەی ڕووداوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا چالاک بکەن.

وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەورووپا ودەیەمین وێستگەی ئەتۆمیی گەورەی جیهانە.

ئەگەر بتەقێتەوە کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، ئۆکرانیا دەڵێت: ١٠جار گەورەتر دەبێت لە کارەساتی چێرنۆبڵ

چێرنۆبڵ لە ١٩٨٦ لە ئۆکرانیا ڕوویداو بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکان دادەنرێت لە مێژووی وزەی ئەتۆم. بەھۆیەوە دەیان کەس ڕاستەوخۆ مردن تەنۆچکەی تیشکدەر بەسەر چەندین وڵاتدا بڵاوبووەو ھەزاران کەس کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستییان دروست بوو کە بەشێکیان لە ساڵانی دواتردا بەوھۆیەوە مردن.