په‌رله‌مانی عێراق ‌ده‌رگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار كرده‌وه

05-03-2022 12:35
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق. وێنە؛ پەیجی سەرۆکی پەرلەمان

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگی دا بە دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پەرلەمانتارانی یەکێتی دەنگیان پێ نەدا.

لە کۆبوونەوەکەدا ٢٦٥ پەرلەمانتار ئامادەبوون، دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ٢٠٣ دەنگی ھێناو ٦٢ دەنگ دژی بوون.

پەرلەمانتارێکی لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "ئێمە دەنگمان پێ نەدا".

دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لەبەرژەوەندیی پارتی بوو کە دەتوانێت جارێکی دیکە ڕێبەر ئەحمەد کاندید بکاتەوە بۆ ڕکابەریی بەرهەم ساڵح.

خدر عەلی مەنتک پەرلەمانتاری پارتی لە بەغداد پێشتر بە پەرەگرافی وت، دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن ئاسان تێدەپەڕێنن و ڕێبەر ئەحمەد تاکە کاندیدی پارتییە بۆ سەرۆککۆمار.

پارتی و هاوپەیمانەکانی کە سەدرو سوننەکانن سەرۆکایەتی پەرلەمانیان بەدەستەوەیەو زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە.

لەبارەی هاوپەیمانیی سێ قۆڵیی کە پارتی و سەدرو سوننەکانن، خدر عەلی مەنتک وتی "ئەو هاوپەیمانێتییە وەکخۆیەتی و وەک ئەوەوایە یەک فراکسیۆن بین".

هەوڵەکەی پارتی بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لە پەرلەمانەوە دوای ئەوەدێت دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە گەڕی دووەمی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نادەستورییە و دەکرێت پەرلەمان بە دەنگدان بڕیار بدات بە سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن نەک سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو تائێستا ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا نییە بۆ دەنگدان بە یەک کاندیدی هاوبەش، پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستەکەدان.