فاروقی مەلا مستەفا هاوكاریی بۆ 10 هەزار خێزان دابین دەكات

23-03-2020 11:47


پەرەگراف

سەرمایەداری دیاری كوردستان، فاروق مەلا مستەفا هاوكاریی بۆ 7 هەزار خێزانی قەزاو ناحیەكانی سلێمانی‌و 3 هەزار خێزانی ناو شاری سلێمانی دابین دەكات.

لە بڵاوكراوەیەكدا گروپی كۆمپانیاكانی فاروق، وردەكاریی ئەو هاوكارییانەو چەند كۆمەك و بەخشینێكی دیكەی فاروقی مەلا مستەفای خستووەتە ڕوو، لەوانەش؛ بڕی 250 هەزار ‎دۆلار بۆ پارێزگای سلێمانی‌و 59 هەزارو 500 دۆلار هاوكاری بۆ نەخۆشخانەی كۆرۆنا لە سلێمانی(نەخۆشخانەی ئاسا).

دەقی بڵاوكراوەیەك لە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقەوە:

هاوكارییەكی تری كاك فاروقی مەلا مستەفا لەم قەیرانە سەختەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا.

كاك فاروقی مەلا مستەفا وەك چۆن لە هەموو كارەسات و بۆنەو ڕووداوێكدا پێشەنگ‌و دەستپێشخەر بووە لە بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدانی توێژە جیاجیاكانی كوردستاندا بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆیان و خێزانەكانیان لەكاتی لێقەومان و بارودۆخی نەخوازراودا، وا ئەمجارەش لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنادا خۆراكی وشكە و پێداویستی دیكەی دابین كرد بۆ حەوت هەزار خێزانی شایستە بەپێی ئەو لیستەی كە بەڕێزان قایمقامەكان و لێپرسراوە ئیدارییەكان ئامادەیان كردووە لە قەزا و ناحیەكانی؛ ‎بازیان، بەردەقارەمان، بەكرەجۆ، ڕاپەڕین، دوكان، عەربەت، پیرەمەگروون، شارباژێڕ، قەرەداغ، سێوسێنان، چەمچەماڵ، تەكیە و تاسڵوجە و ماوەت و شۆڕش.

هەر كارتۆنێك لەو پێداویستی و ئازووقانە بایی پەنجاوحەوت هەزار و نۆسەدو پەنجا دینارە و ڕۆژی ٢٥ /٣ بە هاوكاری ڕێكخراوی (سی دی ئۆ)و بەڕێزان قایمقامەكان و بەڕێوەبەرانی بەڕێزی ئەو قەزاو ناحیانە هاوكارییەكان دەگەیەنرێنە بەردەمی ئەو ماڵانە.

هەر بە هەمان شێوە و بەهاوكاری بەڕێز قایمقامی ناوەندی سلێمانی سێ هەزار خێزانی شایستەی ناو شاری سلێمانییش هاوكاری دەكرێن.

بۆ هەر پرسیارێك لەسەر ئەم بابەتە دەتوانن پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفونی(٠٧٧٢٣٣٣٠٠٩٠)

كۆمەك و بەخشینەكانی كاك فاروقی مەلا مستەفا بۆ هاونیشتیمانیان و دەزگا خزمەتگوزارییەكان لەم ماوەی قەیراناویەدا هەر بەردەوام بووە. لەوانە؛

‎1-یەك ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ قەزای كۆیە كە بایی شەشسەدو بیست ملیۆن دینار بوو.

‎2- پێنجسەد هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ ناو شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دەرەوەی شاری سلێمانی كە نرخەكەی سێسەد ملیۆن دینار بوو.

‎3-بڕی دووسەدو پەنجا هەزار ‎دۆلار بۆ پارێزگای سلێمانی.

‎4-بڕی پەنجاو نۆهەزار و پێنج سەد دۆلار هاوكاری بۆ نەخۆشخانەی كۆرۆنا لە سلێمانی(نەخۆشخانەی ئاسا).

ئێمە لەكاتێكدا پڕ بەدڵ هیوادارین وڵاتە ‎خۆشەویستەكەمان ئەم كێشە گەورەیە بە كەمترین زیان تێبپەڕێنێت و هاونیشتیمانیانی ئازیز سەلامەت و بەختەوەر بن، دڵنیاتان دەكەینەوە كە هاوكارییەكانی كاك فاروقی مەلا مستەفا بەردەوام دەبن بۆ دەزگا خزمەتگوزارەكانی حكومەتی هەرێم و كەسانی شایستەی هاوكاری و فریاكەوتن.

هیوای لەشساغی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەك دەخوازین

گروپی كۆمپانیاكانی فاروق
٢٣-٣-٢٠٢٠