لەبری پاشەكەوت و لێبڕین، حكومەت مانگانە مووچە لە كاتی خۆیدا دابەش ناكات

05-03-2022 07:58

پەرەگراف

ئەنجومەنی ئابوری هەرێم نەیتوانی بڕیار لە دابەشكردنی مووچە بدات، سلێمانی دەڵێت داهاتمان سفرە و پارە لە بانكەكان نییە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم كە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی بەڕێوەچوو، بە پەرەگرافی وت "لە كۆبوونەوەكەدا ئەوە خرایە ڕوو كە پارەی پێویست بۆ مووچە نییە و كێشەی سەرەكیی داهاتی ناوخۆی سلێمانییە كە دەڵێن سفرە، لەگەڵ نەناردنی ٢٠٠ ملیارەكەی بەغداد".

سەرچاوەكە وتیشی، حكومەت ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لێبڕین و پاشەكەوتی مووچە، بەڵام لەمەودوا بەپێی داهاتی بەردەست مووچە دابەش دەكرێت و وەزارەتی دارایی پابەند نابێت بەوەی ٣٠ ڕۆژ جارێك مووچە بدات.

پاش كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم، مەسروور بازانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە تەوەرێكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ بووە دەربارەی "دۆخی ئابووری و دارایی"، تێیدا جەختی لە "ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەكان كردووە"..

سەرۆكی حكومەت دەڵێت "لە هەمان كاتدا هەوڵەكانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و حكومەتی هەرێم درێغی ناكات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینكردنی بوودجەی هەرێم و مووچەی مووچە‌خۆران".

ڕۆژی پێنجشەممە 3-3-2022، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و دۆخی دارایی هەرێم ئەنجام دا، تێیدا سەبارەت بەو ڕەخنانەی لەبارەی داهاتی نەوتەوە ئاراستەی حكومەت دەكرێن، وتی "وەزیری دارایی كە لە بزوتنەوەی گۆڕانە دەزانێت داهاتی نەوت چەندە‌ و چەندی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە".

مەسرور بارزانی وتیشی "لە لایەك داهاتی نەوت زیاد دەكات و لە لایەك داهاتی ناوخۆ دادەبەزێت. ئەو بەرپرسیارێتییەی كە پێویستە لە هەندێك پارێزگاكان دەسەڵاتدارەكان لە ئەستۆی بگرن، وەكوو پێویست نییە. حكومەت ناتوانێت تەنیا بە داهاتی نەوت هەموو بەرپرسیارێتییە داراییەكانی جێبەجێ بكات، دەبێت داهاتی ناوخۆیش وەكوو پێشوو بە بەرزی بمێنێتەوە".

هەر ئەو ڕۆژە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، وەڵامی سەرۆكی حكومەتی دایەوە و بە میدیای حیزبەكەی ڕاگەیاند "ئێمە ئاگاداری ڕاپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت و ئەو 350 ملیۆن دۆلارەین كە دێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی".