سزای دوو ساڵ زیندانیكردن بەسەر بێریڤان ئەیوبدا سەپێندرا؛ بەم نزیكانە ئازاد دەكرێت

06-03-2022 02:42

پەرەگراف

دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر سزای دوو ساڵ زیندانیكردنی بەسەر بێریڤان ئەیوب، چالاكی دەستگیركراوی بادیناندا سەپاند. تۆمەتی "هەوڵی هەڵكوتانە سەر كۆمپانیا توركییەكان و كردنە ئامانجی ژمارەیەك سەركردەی پارتێكی هەرێم" درابووە پاڵ بێریڤان و كەسێكی دیكە. لەگەڵ سزاكەشدا پارێزەران تاڕادەیەك گەشبینن بە بڕیارەكە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی سزاكە تێپەڕیوە و بەم نزیكانە بێریڤان ئەیوب و هاوڕێكەی ئازاد دەكرێت.

لە هەمان دۆسیەی بێریڤان ئەیوب، كەسێكی دیكە بە ناوی (عەبدولوتەڵیب) هەمان سزای بەسەردا سەپێندرا، كە كامەران حەسەن، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی، بۆ پەرەگراف وتی "هاووڵاتییەكی بە ڕەگە سوورییە و لە ساڵی 2017ـەوە لە هەولێر نیشتەجێ‌ بووە".

بەشدار حەسەن، پارێزەر لە دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەكە، بە پەرەگرافی وت "لەبەر ئەوەی بەڵگەكان زۆر لاواز بوون، ئێمە چاومان لەوە بوو بە بێ‌ تاوان دەربچن، بەڵام دەستەی دادوەران باوەڕیان وابوو كە دەبێت بە دوو ساڵ سزا بدرێن".

ئەو پارێزەرە وتیشی "ئەوان لە 13-10-2020ـەوە دەستگیر كراون و لەو كاتەوە سزاكەیان بۆ حیساب دەكرێت، بۆ هەر ساڵێكیش سێ‌ مانگ ئازادكردنی مەرجداریان هەیە"، بەوپێیە تەنیا مانگێك و حەوت ڕۆژیان لە زینداندا ماوە.

"پرۆسەی دادگاییەكە بە ڕێكوپێكی بەڕێوە چوو، ڕێگەیان بە ئێمە و تۆمەتبارەكانیش دا قسەی خۆمان بكەین دانیشتنی ئەم جارە زۆر جیاواز بوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ تۆمەتبار و پارێزەرەكان"، بەشەدار حەسەن وا وت.

لای خۆیشیەوە كامەران حەسەن، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی، بۆ پەرەگراف وتی "ئەمە 18ـیەمین پرۆسەی دادگاییكردنی زیندانیانی بادینان بوو. ئەوەی ئێمە بەدیمان كرد، هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەنجامدانی تاوانێت نەبوو، تەنیا كۆمەڵێك چاتی فەیسبووك، واتسئەپ و ڤایبەر بوو".

"ئەوان تۆمەتبار كرابوون بەوەی هەڵبكوتنە سەر چەند كۆمپانیایەكی توركی، كۆمەڵێك دیبلۆماتكاری توركی و كۆمەڵێك سەركردەی باڵای هەرێم لە پارتێكی دیاریكراو بە ئامانج بگرن، بەڵام هیچ چەك و بەڵگەیەك لە ئارادا نەبوو"، كامەران حەسەن وای وت.