بایکۆتی گشتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە دەست پێ دەکات؛ 'مووچەی باش، دەوامی باش'

06-03-2022 03:52

پەرەگراف

لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، مامۆستایان و فەرمانبەرانی چەندین فەرمانگە و قوتابخانە لە بەرانبەر پێنەدانی مووچەكانیان و چارەسەرنەكردنی گرفتەكان بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند. لە كفری و پێنجوێنیش خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی سلێمانییش هەڕەشەی بایكۆتی سەرتاسەری دەكات و بە دروشمی "دەوامی باش لە بەرانبەر مووچەی باش و دەوامی خراپ لە بەرانبەر مووچەی خراپدا" هۆشداری دەداتە حكومەت.

لە سلێمانی فەرمانگەكانی شارەوانی، كارەبا، زانكۆی پۆلیتەكەنیك و ژمارەیەك قوتابخانە بایكۆتیان ڕاگەیاند، كارمەندانی تەندروستیش چوار ڕۆژ مۆڵەتیان دایە حكومەت بۆ پێدانی مووچەكانیان و چارەسەركردنی گرفتەكانی كەرتی تەندروستی.

هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە، شارەوانی، كشتوكاڵ، ڕۆشنبیری و دیوانی پارێزگا بایكۆتی دەوامیان كرد، بەشێك لە مامۆستایانیش نەچوونەوە قوتابخانەكان.

لە ئیدارەی ڕاپەڕینیش بەشێك لە قوتابخانەكان و مامۆستایان بایكۆتیان كرد. فەرمانگەكانی ئیدارەی گەرمیانیش چوونە ڕیزی بایكۆتەوە و بە تایبەت هەردوو فەرمانگەی پەروەردە و گەشتوگوزار گردبوونەوەیان ئەنجام دا.

مامۆستایان و فەرمانبەران جەخت دەكەنەوە ئەگەر بە زوویی مووچەكانیان پێ‌ نەدرێت، ئەوا لە بایكۆت بەردەوام دەبن.

سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، دوای كۆبوونەوەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی لە كێشەكانی بەردەم كەرتەكە دا و ڕایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە سلێمانی پێویستی بە 27 هەزار كارمەند هەیە، بەڵام ئێستا 13 هەزار و 400 فەرمانبەری میلاك ماوەتەوە كە كەمترە لە نیوەی پێویستی".

سەندیكاكە دەڵێت "لە مانگی 8ی 2021ـەوە هیچ بڕەپارەیەك بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی خەرج نەكراوە، زیاتر لە دوو مانگە نەسریەی بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان خەرج نەكراوە، گاز و بەنزین بۆ مۆلیدە و ئیسغاف و ئۆتۆمبێلەكانی تەندروستی بە قەرز دەكڕدرێت، پارەی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە و خواردن هەمووی بە قەرز دراوە".

هەروەها هۆشداری دەدات كە ئەگەر "بەم شێوەیە بڕوات، لە نەخۆشخانەكاندا دەرمان و پێداویستی و نەشتەرگەری نامێنێت".

"41 ڕۆژە مووچەی كارمەندانی تەندروستی نەدراوە، بەرپرسانی حكومەت دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە مووچە دەدرێت، ئەگەر لەو بەروارەدا مووچە نەدرێت و پارەی پێداویستییەكانی ناوەندی تەندروستی خەرج نەكرێت، بایكۆتی سەرتاسەری ڕادەگەیەنین و بایكۆتەكە هەموو شوێنەكان دەگرێتەوە"، سەندیكای كارمەندانی تەندروستی وا دەڵێت.