وەزیری بازرگانی: كۆگاكان پڕن لە خۆراک و بەردەوامیش هاوردە دەکرێت

08-03-2022 01:11

پەرەگراف

وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی هەرێم، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كە "كۆگاكانی هەرێم پڕن لە خۆراک و بە بەردەوامیش هاوردە دەکرێت".

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، ئەمڕۆ لە کاتی بەسەرکردنەوەی کۆگاکانی خۆراک، جەتی کردەوە "کۆگاکان بەشی تا مانگی شەش خۆراکیان تێدایە، بازرگانانیش ڕۆژانە خۆراک هاوردە دەکەن، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتیان دوودڵ و نیگەران بن و دەبێت وەکوو ڕۆژانی ئاسایی خۆراک بکڕن".

کەمال موسیلم وتیشی "حکومەتی عێراق بڕیاری داوە مانگانە و هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک خۆراک دابەش بکرێت، لە مانگی ڕەمەزانیشدا دوو بەشەخۆراک پێکەوە دابەش دەکرێت".

هاوکات ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نێوان قائیمقامی سلێمانی و ژووری بازرگانیی سلێمانی بە ئامادەیی ژمارەیەك لە بازرگانانی هاوردەكردنی خۆراك بەڕێوە چوو، تێیدا گفتوگۆ دەربارەی نیگەرانیی هاووڵاتیان لەبارەی دەنگۆی كێشەی كەمیی خۆراكەوە كرا.

پاش كۆبوونەوەكە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم هێنانی خۆراك لە دەرەوە نییە. بەدواداچوونیش بۆ ماركێت و مینی ماركێتەكان دەكەین، هەر كەسێك نرخ بەرز بكاتەوە ڕێكاری یاسایی توند بەرامبەری دەگرینە بەر".

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی "بازرگانەكان جەختیان لەوە كردەوە كە ئەو كاڵایانەی هەیانە، ڕێژەكەی زۆر زیاترە لەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێناویانە، بە هیچ شێوەیەك كێشەی كەمیی خۆراك دروست نابێت و لەم كاتەدا زیاتر لە دوو هەزار بارهەڵگر خۆراك بە ڕێگاوەیە بۆ سلێمانی".

سیروان محەمەد وتیشی "ئەوەی هەیە تەنیا كێشەی ڕۆن و زەیتە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كێشانەی لە وەزارەتی تەندروستی دروست بووە. لە كۆبوونەوەكەدا نیگەرانیی بارزگانەكان باس كرا، داوا كرا دەسەڵاتەكانی ڕێگەپێدان وەكوو جاران لای بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بێت، بەو جۆرە كێشەكە چارەسەر دەكرێت".