ئەمریكا و بەریتانیا سزا بەسەر كەرتی وزەی ڕووسیادا دەسەپێنن

08-03-2022 09:18

پەرەگراف

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هاوردەكردنی نەوت و غازی ڕووسیای بۆ وڵاتەكەی قەدەغە كرد. هاوكات بەریتانیا هاوردەكردنی نەوتی ڕووسیا قەدەغە دەکات، بەڵام خۆی لە سەپاندنی سزا بەسەر غازی ڕووسیادا دەپارێزێت. لەگەڵ سەپاندنی سزاكاندا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی.

چاوەڕوان دەكرێت سزای سەر كەرتی وزەی ڕووسیا بە زوویی لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكاوە پەسەند بكرێت. بایدن وتی "سزاكان لەلایەن دیمەكراتی و كۆمارییەكانیشەوە پاڵپشتی دەكرێت".

سەرۆكی ئەمریكا لە كاتی ڕاگەیاندنی سزاكەدا وتی، بۆ ئەو هەنگاوە هەماهەنگی و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناویدا هاوپەیمانە ئەورووپییەكان هەبووە.

هاوكات بەریتانیا كە لە هاوپەیمانە دیارەكانی ئەمریكایە، پلانێكی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی ڕووسیا داڕشتووە، بەپێی پلانەكە تا كۆتایی ئەمساڵ هاوردەكردنی نەوتی ڕووسیا بۆ بەریتانیا كۆتی پێ‌ دەهێنرێت.

یەكێتیی ئەورووپا كە پێویستییەكی زۆری بە وزەی ڕووسیایە، لەم هەنگاوەدا پاڵپشتیی ئەمریكا ناكات.

بەڵام هاوكات كۆمیسیۆنی ئەورووپا پلانێكی داڕشتووە بۆ كەمكردنەوەی بەرچاوی پێویستییەكانی یەكێتیی ئەورووپا بە سەرچاوەكانی وزەی ڕووسیا، كە لە ئێستادا نزیكەی لەسەدا 40ی غازی ئەورووپا لە ڕووسیاوە دابین دەكرێت.

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، نەیشاردەوە كە سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی وزەی ڕووسیادا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكانیان، بەڵام جەختی كردەوە كە ئەو هەنگاوە پێویست بووە.

سەپاندنی سزاكان بەسەر ڕووسادا بەهۆی هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكرانیا، پاش ئەوە دێت كە دوێنێ‌ مۆسكۆ هۆشداریی دا لە سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی وڵاتەكەیدا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە و ڕایگەیاند لە بارودۆخێكی وەهادا ئەگەری هەیە هێڵی سەرەكیی بۆریی گواستنەوەی غاز بۆ ئەڵمانیا دابخات.

جێگری سەرۆكوەزیرانی ڕووسیا وتی، پێشهاتێكی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 300 دۆلار.

لە دوای ڕاگەیاندنی سزاكان لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە، نرخی نەوت گەیشە سەروو 132 دۆلار.