کاسبکار و شۆفێران لە سلێمانی لە دژی گرانی و باج و ڕسوومات خۆپیشاندان دەکەن

09-03-2022 12:33

پەرەگراف

کاسبکارانی ناوچەی پیشەسازیی لە سلێمانی خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامداو داوا دەکەن کاری ئەو کۆمپانیایانە ڕابگیرێت کە باج و ڕسووماتیان لێ وەردەگرن.

کاسبکارێکی خۆپیشاندەر بە پەرەگرافی وت "بەهۆی باج و ڕسووماتەوە گردبووینەتەوە، کۆمپانیایەک وەرەقەیەکی هێناوە دەڵێت: فڕێدانی خۆڵ و خاشاک و بەکارهێنانی کیسی نایلۆن ساڵی ٥٠ هەزار دینار، دانانی حاویەی خۆڵ بەپێی قەبارەی خاشاکی شوێنەکە ساڵی ٧٥ هەزار، تابلۆی دووکانەکان مەتری ٣٥ هەزار، ئەمە بۆ ئێمە زۆرەو بێ ئیشییە ئەو پارەیەمان پێ نادرێت".

بەناوی پارەی خۆڵ و خاشاک بۆ ژینگەو شارەوانی پارەمان لێ دەسەنن، "ئێمە پارەی خۆڵ نادەین لەبەرئەوەی خۆڵمان نییە، خۆڵی ئێمە مقەباو ئاسنەو ئەوانەی کۆی دەکەنەوە دەیبەن" ئەو کاسبکارە وای وت.

 

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی کاسبکاران، شۆفێرانیش خۆپیشاندانیان دژی گرانیی بەنزین ئەنجامداو شەقامی قەناتیان داخست.

شۆفێران بۆ پەرەگراف داوایان کرد لە بەرامبەر گرانیی بەنزین پێویستە حکومەت کارتی بەنزین بۆ تەکسی و پاس بکات، شۆفێرێکی تەکسی وتی "سوێند بەخوا پێرێ بایی ١٥ هەزار بەنزینم تێکردووە ئێوارە بەنزینی تیانەما بایی ٩٧٥٠ دینار ئیشم کردووە، ئەی کێ ئەم هەقەی من دەدات؟".

ئەو شۆفێرە وتیشی "داگیرکەرترین هێز بێتە کوردستان پێشوازیی لێدەکەم، لە ژێر ئەو ئاڵایەی کوردستاندا ١٨ ساڵە کرێچیم، ئەگەر مەترسیی بۆ ئاڵاکەی کوردستان دروست ببێت بە من چیی؟".