بایکۆتی فەرمانبەران بەردەوامەو حکومەتی هەرێم بڕیاریدا مووچە دابەشبکرێت

09-03-2022 04:54

پەرەگراف

لەگەڵ بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایی مووچەخۆران لە پێناو پێدانی مووچەکانیان، حکومەتی هەرێم بڕیاری دابەشکردنی مووچەی دا.

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند "بڕیاردرا لە سبەینێوە مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بکرێت و پێشبینی دەکەم بەر لە نەورۆز مووچەی سەرجەم دامودەزگاکان دابەش بکرێت".

وتەبێژی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو، نەناردنی 200 ملیارەكەی بەغدا و نەگەڕانەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكومەت، هۆكاری دواكەوتنی مووچە بوون و كورتهێنان بۆ مووچەی مانگی شوبات (دوو) هەیە و بە داهاتی مانگی سێی نەوت پڕ دەكرێتەوە و لە هەوڵداین مەسەلەی نەگەڕانەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكومەت چارەسەر بكەین".

ئەوە لەکاتێکدایە بایکۆتی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە.

هەر لە درێژەی ناڕەزایی چین و توێژە جیاوازەکان لەدژی دواکەوتنی مووچە، لقی سلێمانی کۆمەڵەی کارگێڕانی تەندروستی ئەمڕۆ بڕیاری بایکۆتیدا لەسەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی تا ئەو کاتەی حکومەت پێدانی مووچە ڕێکدەکاتەوەو هیچ مووچەیەکیان پاشەکەوت نەکرێت.