شاسوار عەبدولواحید پێشنیاری كۆبوونەوەی سێقۆڵی ئاراستەی سەلاحەدین بەهادین و عەلی باپیر دەكات

09-03-2022 10:35

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌، بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی و وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش بەرانبەر ئەو "ناحەقی و زوڵم"ـەی لە خەڵك دەكرێت، پەیوەندیی بە سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و ئەمینداری یەكگرتووەوە كردووە.

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ ئەمشەو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "ماوەی دوو ڕۆژە بە تەلەفۆن پەیوەندیم كردووە بە بەرێزان جەنابی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین و جەنابی مامۆستا عەلی باپیر، تایبەت بە هەڵوێستێكی یەكلایەنانەی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بەم هەموو ناحەقی و زوڵمەی كە دەكرێت لە هاوڵاتییان".

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ سەبارەت بە وەڵامی ئەوان دەڵێت "پێیان ڕاگەیاندم كە تاوتوێی بابەتەكە دەكەن و بە زووترین كات وەڵاممان لێ دەگێڕنەوە، تا پێكەوە و بەپەلە دانیشتنێك بكەین".

شاسوار عەبدولواحید جەخت دەكاتەوە كە "ئێمە وەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێمان وایە كە هەمیشە كاری پێكەوەیی و یەكگرتنی هەموو لایەن و كەسایەتییە ناڕازییەكان، كلیلی سەركەوتنە. دڵنیام هەر دوولایەنی سیاسیی (یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری) هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرایان دەبێت و وەڵامیان دەبێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی و یەكخستنی تواناكان".

سەبارەت بە شوێنی كۆبوونەوەكەش، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەڵێت "بەش بە حاڵی خۆم هەرچەندە چەند جارێكی تر چوومەتە لای هەردوو مامۆستای بەڕێز، بەڵام لە ئێستاشدا كێشەم نییە كۆبوونەوەكە لە هەر جێیەك و لە هەر ماڵێكدا ئەنجام بدرێت، ماڵی من ماڵی ئەوانە و ماڵی ئەوانیش بە ماڵی خۆم دەزانم".

"ڕاستییەكەی چاوەڕێی هەڵوێستی كۆتایی ئەوانم بۆ ئەوەی وەك نەوەی نوێ هیچ هەڵوێستیكی تاكلایەنەمان نەبێت و تۆمەتبار نەكرێین بە تاكڕەوی، هەرچەندە خۆمان و پەرلەمانتارامان، لە میدیا و سۆشیال میدیاوە درێخیمان نەكردووە و نایشیكەین و بەردەوامیش دەبین"، شاسوار عەبدولواحید وا دەڵێت.