بزووتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ کشانەوە لە حکومەت

10-03-2022 05:30
جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان و چوار وەزیرەکەی بزووتنەوەکە.

پەرەگراف

پرسی کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم لەسەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەکانی ئەو بزووتنەوەیەیە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بە پەرەگرافی وت "لە دواین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی کە ٢٥-٢ ئەنجام درا ئەندامێکی جڤات داوای کرد گۆڕان لە ٥-٣دا کە یادی ڕاپەڕینە لە حکومەت بکشێتەوەو ژمارەیەک ئەندامی دیکەش پشتیوانییان کرد".

"بەڵام بەوهۆیەی ئەو بابەتە لە بەرنامەی کاردا نەبووەو چەند ئەندامێکی جڤات مۆڵەت بوون و بەشدارنەبوون، هەروەها ٩ ڕۆژ مابوو بۆ ٥-٣ کە بڕیارێکی ئاوا گرنگی تێدا بدرێت، هەربۆیە ئەو پرسە بە فەرمیی نەبوو بە بەشێک لە کۆبوونەوەکەو هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدرا".

بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی گۆڕان، لە ناو بزووتنەوەکەو جڤاتی نیشتیمانیدا خواستی کشانەوە لە حکومەت زیاترە لە مانەوە، هۆکاری سەرەکیش پەیوەندیی هەیە بە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی بەشداریکردنیان لە حکومەت لەگەڵ پارتی.

"کشانەوە لە حکومەت کارتێکی بەهێزە بەڵام دەبێت بزانین چۆن و کەی بەکاری دەهێنین و ڕەنگدانەوەکانی ئەو بڕیارە لەسەر بزووتنەوەکەی چی دەبێت" بەرپرسە باڵاکەی گۆڕان وای وت.

گۆڕان بە جێگری سەرۆکی هەرێم و چوار وەزیرو ژمارەیەک پۆستی دیکە بەشدارە لە حکومەتی هەرێم، پرسی کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت نوێ نییەو هەر لەدوای شەش مانگی یەکەمی بەشدارییان لە کابینەکەی مەسرور بارزانی دەنگی کشانەوە لەناو بزووتنەوەکە بەرزبووەوە، بەڵام بابەتەکە زیاتر گەرم بوو دوای ئەوەی بزووتنەوەکە بە خراپترین ئەنجام لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو هاتە دەرەوە‌و هیچكام لە حەوت كاندیدەكەی دەرنەچوون بۆ پەرلەمانی عێراق.