حكومەت لە داهاتی نەوت ١٣٠ ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ مووچە زیاد دەكات

10-03-2022 09:17

پەرەگراف

دوو مانگە حكومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت ١٣٠ ملیۆن دۆلار زیاتر لە مانگەكانی دیكە بۆ مووچە دابین دەكات، بەڵام هێشتا كێشەی مووچە چارەسەر نەبووە و لە وادەی خۆی دابەش ناكرێت.

هاوكات ئەمڕۆ بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو كرا و لە هەولێر و دهۆك مووچە بەبێ كێشە دابەش كرا، بەڵام لە سلێمانی بانكەكان تا دواینیوەڕۆ پارەیان تێدا نەبوو.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە پەرەگرافی وت "لە كۆبوونەوەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە حكومەتی هەرێم بەبێ ئەوەی ڕایبگەیەنێت، دوو مانگە لە داهاتی نەوت ٤٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ مووچە دابین دەكات، لە كاتێكدا پێشووتر هەر مانگێك ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری دابین دەكرد".

داهاتی سەرەكیی هەرێم فرۆشی نەوتە، كەچی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان ڕەنگدانەوەی لەسەر دابەشكردنی مووچە نەبووە، ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی خەڵك و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی لە كابینەكەی مەسرور بارزانی زیاتر كردووە.

فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی لە سلێمانی سەرلەبەیانی و لەگەڵ دەستپێكردنی دەوامدا چوونە بەردەم بانكەكان، بەڵام پارە نەبوو، زیاتر لە شەش كاتژمێر لەبەردەم بانكەكان چاوەڕێی گەیشتنی پارە بوون و بەشێكیان بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە.

لە ساتەكانی كۆتایی دەوامدا بڕی ٢٢ ملیار دینار گەیشتە بانكەكانی سلێمانی و دەستكرا بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و بەشێك لە فەرمانبەران وەریان گرت.

دوێنێ‌ وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە لە ئەمڕۆ چوارششەمەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو دەكرێت و وتیشی "پێشبینی دەكەم بەر لە نەورۆز مووچەی هەموو دامودەزگاكان دابەش بكرێت".

بەپێی وادەی دابەشكردنی مووچە لە مانگە ئاساییەكاندا كە لە 25 مانگ دابەش دەكرێت، 15 ڕۆژ مووچە دواكەوتووە و تا كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان دێت، وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێیە، ئەمەش مەترسیی نەدانی مووچەی ئەم مانگەی دروست كردووە.