چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار بە بەشداریی 180 كۆمپانیا لە سلێمانی كرایەوە

11-03-2022 05:16

پەرەگراف

چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار بۆ بەرهەمە خۆراكی و پێداویستییە ڕۆژانەییەكانی هاووڵاتیان، بە بەشداریی 180 كۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەكی لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی كرایەوە. لەبارەی مەترسی لەسەر خۆراكیش پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دەدات كە "كۆگان بەشی یەك ساڵ" خۆراكیان تێدایە.

ڕێكخەرانی فێستیڤاڵەكە دەڵێن "نزیكەی لەسەدا 70ی ئەو كۆمپانیایانەی لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن، ناوخۆیین و بەشەكەی دیكەی كۆمپانیای بیانین كە لەناویاندا كۆمپانیای ئێرانی، توركی، سووری، ئوردنی و ئەڵمانیش هەن".

فێستیڤاڵەكە تا ۲٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە كاژێر ۱٠ی بەیانی تا ۹ی شەو كراوەیە. بڕیارە كاڵاكان بە نرخی گونجاو بفرۆشرێن و چاودێری لەسەر نرخەكان هەیە.

ڕێكخەرانی فێستیڤاڵەكە باس لەوە دەكەن كە كردنەوەی ئەم فێستیڤاڵە لەم كاتەدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان لەبارەی ئەو نیگەرانییانەی سەبارەت بە كەمیی خۆراك و پێداویستییەكان دروست بوون.

كردنەوەی فێستیڤاڵەكە لە كاتێكدایە كە بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە مەترسی لەسەر هەندێك خۆراك و پێداویستی دروست بووە و نیگەرانیی لای هاووڵاتیان لێ‌ كەوتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان كە هیچ كێشەیەكی كەمیی خۆراك و پێداویستی لە هەرێم نییە و بەردەوامیش هاوردە دەكرێت.

لە كاتی كردنەوەی فێستیڤاڵەكەدا، هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، وتی "ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی زیاتر لە 700 كۆگای دروست كردووە، دڵنیاییتان دەدەینێ‌ كە ئەگەر لە ئێستاوە تا ساڵێكی دیكە برنج و ڕۆن و كاڵاكانی دیكە هاوردە نەكرێت، كۆگاكانی ئێمە توانای دابینكردنی پێداویستییەكانیان بەپێی خواستی خەڵك هەیە".

پارێزگاری سلێمانی داوای لە حكومەتی هەرێمیش كرد دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان شۆڕ بكاتەوە تاكوو بتوانن كارگەی پێداویستییە خۆراكییەیە سەرەتایی و سەرەكییەكان دروست بكەن.

هەڤاڵ ئەبووبەكر وتیشی "داوا لە ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكەم ئەو مۆڵەتەی ژووری بازرگانی بۆ كۆگاكان كە ماوەی دوو ساڵە لەبەردەستیاندایە، ڕەزامەندیی لەسەر بدەن، چونكە ئەم كۆگایانە كە زیاتر لە چوار هەزار كۆگان، دەتوان هەموو عێراق لە مەترسیی (نەبوونی كاڵا و خۆراك) بپارێزن".