شیعەكان نزیك دەبنەوە لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیران و دەڵێن ڕۆڵی بارزانی لەبیر ناكەن

12-03-2022 08:44
لە ڕاستەوە: موقتەدا سەدر، مەسعود بارزانى، نوورى مالیکى، جەعفەر سەدر

پەرەگراف

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەدر لەگەڵ مالیكی، بەستەڵەكی نێوانیانی تواندەوە كە بەربەستی سەرەكیی پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق بوو. دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانیش لەلایەن سەدرەوە، كازمیی لە مانەوە لە پۆستەكەیدا بێهیوا كرد و پێشوەختە وتاری ماڵاوایی بڵاو كردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆیش سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی سەروەری كە سەرۆكی پەرلەمانیشیان لەنێودا بوو و پێكهاتووبن لە (محەمەد حەلبووسی، هادی عامری، فالح فەیاز، خەمیس خەنجەر و ئەحمەد ئەسەدی) لە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆبوونەوە.

پاش كۆبوونەوەكەش سەدر لە تویتەر جارێكی دیكە دەربارەی پێكهێنانی حكومەت جەختی لە پەیامی پێشووی كردەوە كە "نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی، حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی".

ئەمە لە كاتێكدایە ئێوارەی دوێنێ‌ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا كۆبوونەوە و پرسی پێشنیازكردنی جەعفەر سەدر، كاندید و ئامۆزای موقتەدا سەدر، بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراقیان تاوتوێ‌ كرد.

زەرغام مالیكی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی، ڕایگەیاند كە لێكنزیكبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی خێرا كردووە و پێشوازی لە جەعفەر سەدر ئامۆزای موقتەدا سەدر دەكەن وەك كاندیدی سەرۆكوەزیران، كە بە بێلایەن و پەسەند لەناو ماڵی شیعەدا وەسفی دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ڕۆڵی مەسعود بارزانی لەبیر ناكەن لە لێكنزیككردنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەدرییەكان و چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە سەدر و مالیكی و بارزانی و حەلبووسی، چوارقۆڵی كۆببنەوە.

دوێنێش مەشعان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی ھاوپەیمانیی سەروەری، ڕایگەیاند كە دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی موقتەدا سەدر لەگەڵ نووری مالیكی، زانیاریی نزیك لە دڵنیابوون هەیە بەوەی جەعفەر سەدر، باڵیۆزی عێراق لە لەندەن، ببێتە سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی ھاوپەیمانیی سەروەری لە تویتەری خۆی جەخت دەكاتەوە كە زانیارییە دزەپێكراوەكان لە كۆبوونەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بوونی پاڵپشتی بۆ كاندیدەكەی سەدر پشتڕاست دەكەنەوە.

هاوكات عیززەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، لە تویتێكدا وتی "لە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی موقتەدا سەدر كاندیدكردنی جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق كراوە".

ئاماژەی بەوەش كردووە كە جەخت كراوەتەوە لەسەر بنەمای سازان لە نێوان لایەنەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی هەردوو ئاراستە شیعییەكە.

ڕۆژی پێنجشەممە موقتەدا سەدر پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەك لە مەسعود بازانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سەروەریی ئەنجام دا.

سەدر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا دەربارەی كاندیدكردنی جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ ئەو سەركردانەی شیعە، سوننە و كورد كردووە.

كاندیدكردنی جەعغەر سەدر لەلایەن موقتەدا سەدراەوە، مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراقی بێهیوا كرد لەوەی كە بۆ جاری دووەم لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و لە پەیامێكدا ڕایگەیاند "ئەو ئەركەی بۆی بانگهێشتكرابووین كە خزمەتكردنی گەلی عێراق بوو، ڕامانپەڕاند".

كازمی لە گوتارێكدا كە دەكرێت بە گوتاری ماڵاوایی پێشوەختە ناو ببرێت، داوایشی لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی براوەی هەڵبژاردنەكان كرد بەرپرسیارییەتیی پاراستنی ڕەوتی نیشتمانی بگرنە ئەستۆ لە ڕێگەی كۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتێك كە نیشتمان بپارێزێت و بەرگریی لە یەكێتییەكەی بكات.