ھێرشەکەی سەر ھەولێر بە مووشەکی بالیستی و لە ئێرانەوە بووە

13-03-2022 10:09
ستۆدیۆ و ژووری هەواڵی کەناڵی کوردستان 24 بەهۆی مووشەکبارانەکەوە زیانی پێ گەیشت

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆو دژە تیرۆری کوردستان و ئەمەریکییەکان دەڵێن، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر لە دەرەوەی عێراق و لە ئێرانەوە بووە.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ، "12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن" وەزارەتی ناوخۆ وادەڵێت.

دژە تیرۆری کوردستانیش تەئکید لەوە دەکاتەوە، "مووشەکەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستە کراون".

ھاوکات چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکییان راگەیاندووە، ئەو مووشەکانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران و لە نزیک باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا کەوتنە خوارەوە "لە ئێرانەوە ئاراستە کراون". 

بەرپرسە ئەمریکییەکان تەئکید دەکەنەوە، هیچ کام لە مووشەکەکان بەر باڵەخانەی کونسوڵخانەکە نەکەوتوون و هیچ کەسێک لە ستافی کونسوڵخانەکەش زیانی بەرنەکەوتووە.

بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم، لە دەرئەنجامی ھێرشەکەدا زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا هاووڵاتییەک بە سووکی بریندار بووە.

وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵئەوەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیە شەرمەزار دەکات، خەڵک دڵنیا دەکاتەوە کە هەولێر ئارامە و هەر بە ئارامی دەمێنێتەوە.

ھێرشە مووشەکییەکە کاردانەوەی لێکەتەوەو جگە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و لایەنەکان ئیدانەیان کرد.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند "هەولێر لەژێر نیشانە و ئاگری دۆڕاوان و سەرشۆڕاندایە. لەژێر پرۆسەی برسیکردندایە،وەکو ئەوەی کوردەکان عێراقی نەبن، بەڵکو ئەوان شادەماری عێراقن و بەشێکی جیانەبووەوەن لە عێراق. هەولێر خۆناچەمێنێت وچۆکدانادات".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش، لە پەیامێکدا دەڵێت "هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت. ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایە سەر چەند شوێنێکی هەولێر بە تووندی شەرمەزار دەکەم و داوا لە خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری هەولێر دەکەم ئارام بگرن و رێنوێنیی دەزگا ئەمنییەکان جێبەجێ بکەن".

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند "ئەو دەستدرێژییەی شاری هەولێری ئازیزی کردە ئامانج وخەڵکەکەی تۆقاند، دەستدرێژییە بۆسەر ئاسایشی گەلەكەمان".