نەوەی نوێ و یەکگرتوو: هەماهەنگ دەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قەیرانەکان

13-03-2022 12:42

پەرەگراف

یەكگرتووی ئیسلامی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەسەر ئاستی باڵا لە سلێمانی كۆبوونەوە. هەردوولا دەڵێن "هەماهەنگ دەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەو قەیرانانەی بەرەو ڕووی خەڵك بوونەتەوە". شاسوار عەبدولواحیدیش هۆشداری دەداتە بەرپرسانی هەرێم و دەڵێت "ئەگەر پێتان وابێت نەوەی نوێ‌ و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان هیچمان پێ‌ ناكرێت، هەڵەن".

شاسوار عەبدولواحید پاش كۆبوونەوەكە وتیشی "دەستێكی ئاشتییانە درێژ دەكەین كە كێشەكانی خەڵك لەناو پەرلەمان و دامودەزگاكانی هەرێمدا چارەسەر بكرێن، ناچارمان مەكەن هەندێك شت بكەین كە كێشەكانی هەرێم لە دەرەوەی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە، پێمان باشە لەناو هەرێم یەكلایی بكرێتەوە".

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ جەختى لەوە کردەوە کە "تەنیا دوو بەرە هەیە، بەرەی خەڵك و بەرەی دەسەڵات، لە داهاتوودا یەكلایی دەبێتەوە كە كێ‌ لەگەڵ بەرەی خەڵك و كێ‌ لەگەڵ دەسەڵاتی یەكێتی و پارتیدایە".

سەبارەت بە كۆبوونەوەیش لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری، شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوە كرد "قسەم لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر كردووە، باسی ئەوەی كرد كە لەگەڵ برادەرانی كۆمەڵ تاوتوێی بابەتەكە دەكەن و وڵاممان دەدەنەوە".

هەر لە پاش كۆبوونەوەكە، مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، بۆ میدیاكان وتی "بڕیارمان دا لە ڕووی میدیاییەوە هەماهەنگ بین، دژایەتیی گەندەڵی بە جیدی بكەین، فراكسیۆنەكانمان بەیەكەوە هەماهەنگ بن".

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو جەختی كردەوە كە "هەر شتێك پێویست بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەی ڕووی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووە، پێكەوە دەیكەین".

"خەڵكی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی قووڵدا دەژی و دەسەڵاتدارەكانی بێباك و گەندەڵن، بە جۆرێك مامەڵە دەكەن كە هەموو دەرگاكانی ئومێدیان لە خەڵك داخستووە"، مستەفا عەبدوڵڵا وای وت.
هیمداد شاهین، وتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌، دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە وتی "ئەوەی ئێمەی پێكەوە كۆكردووەتەوە بریتییە لە پرسەكانی پەیوەست بە خەڵك. هەردوولامان هاوڕا بووین كە پشتیوانیی مافەكانی خەڵك بكەین".

وتەبێژی نەوەی نوێ‌ وتیشی "بەلای كەمەوە خەڵك ئێستا پێویستی بەوەیە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان پشتیوانیی بكەن".

ڕۆژی 9-3-2022، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌، ڕایگەیاند كە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی و وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش بەرانبەر ئەو "ناحەقی و زوڵم"ـەی لە خەڵك دەكرێت، پەیوەندیی بە سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و ئەمینداری یەكگرتووەوە كردووە.

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ وتی "ماوەی دوو ڕۆژە بە تەلەفۆن پەیوەندیم كردووە بە بەرێزان جەنابی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین و جەنابی مامۆستا عەلی باپیر، تایبەت بە هەڵوێستێكی یەكلایەنانەی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بەم هەموو ناحەقی و زوڵمەی كە دەكرێت لە هاوڵاتییان".

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ سەبارەت بە وەڵامی ئەوان ڕایگەیاند "پێیان ڕاگەیاندم كە تاوتوێی بابەتەكە دەكەن و بە زووترین كات وەڵاممان لێ دەگێڕنەوە، تا پێكەوە و بەپەلە دانیشتنێك بكەین".