حکومەتی هەرێم بۆ سوپای پاسداران: پاساوەکەتان دوورە لە ڕاستیی و بۆ شاردنەوەی تاوانەکەتانە

13-03-2022 02:20

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم وەڵامی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی سەر هەولێرو دەڵێت: پاساوی هێرشەکە تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دوورە لە ڕاستییەوە.

سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشە موشەکییەکە ڕاگەیاندو دەڵێت: "ھێرشەکە بۆسەر ناوەندێکی ستراتیژیی ئیسرائیل بووە".

لە وەڵامدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، "ڕایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە".

حکومەتی هەرێم دەشڵێت "ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جورە تاوانانە. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و جامعەی عەرەبی و حکومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەین بە پەلە لێکوڵینەوە لەم هێرش و تؤمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و ڕاستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی توند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر".

هێرشە مووشەکییەکە بە ١٢ مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە ئێرانەوە ئەنجام درا، باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر و ناوچەی مەدەنیی و بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەریی کردە ئامانج.

هێرشەکە چەند بریندارێک و زیانی ماددی لێکەوتەوەو کاردانەوەی فراوانی لە ئاستی هەرێم و عێراق بەدواداهات و بەتووندی ئیدانە کرا.