نرخی نان لە سلێمانی گران کرا

14-03-2022 01:49

پەرەگراف

نانەواخانەكانی سلێمانی لە بەیانیی ئەمڕۆوە شەش نانیان كرد بە هەزار دینار، ئەوەش بەهۆی گرانبوونی ئارد و سووتەمەنی و زیادكردنی ڕسومات و چارەسەر نەكردنی كێشەكانیان لەلایەن حكومەت و ئیدارەی پارێزگاكەوە.

هاوکات لە دهۆکیش زیاتر لە ٦٠ نانەوا و سەمونخانە داخراون و خاوەنی نانەواخانە و فڕنی سەموونەکانی دیکەیش دەڵێن، ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناچارن ئەوانیش دایبخەن.

ئازاد ڕەمەزان، نوێنەری نانەواخانەكانی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت "شەش مانگ لەمەوبەر قائیمقام و چاودێریی بازرگانی وتیان كێشی گونك كەم بكەنەوە و نان گران مەكەن، گونك لە 100 گرامەوە بكەن بە 90 گرام، ئێستایش دەڵێن بیكەن بە 80 گرام، بەڵام گونكی 80 گرامیی نانەكەی باش نابێت و دەسوتێت، كێشەكە بەوە چارەسەر نابێت".

نوێنەری نانەواخانەكانی سلێمانی دەڵێت "ئارد لە 27 هەزارەوە بۆ بە 32، دواتر بوو بە 42 و ئێستایش بووە بە 48، زەڕیبەیش لە شەش هەزارەوە كراوە بە 170 هەزار، لە پارەی كارەبایشدا حیسابی كارگەی ئاسن بۆ نانەواخانەكان دەكەن، بۆیە بەو شێوەیە لە زەرەردان".

"ماوەیەك لەمەوبەر قائیمقام بە نووسراو غازی بۆ دابین كردین، بەڵام كۆمپانیاكە نەیدا، واتە قسەی كۆمپانیاكە لە سەرووی حكومەتەوەیە"، ئازاد ڕەمەزان وا دەڵێت.

ئێستا نانەواخانەكان گونكیان كردووە بە 100 گرام و شەش نان دەدەن بە هەزا دینار. نوێنەری نانەواخانەكان دەڵێت "هاووڵاتیش ئەوەی پێ‌ باشترە لە گونكی 80 گرامی".