پەرەگراف
شۆفێرانی تەكسی لە سلێمانی ئەمڕۆیش درێژەیان بە خۆپیشاندان دا و داوا دەكەن نرخی بەنزین هەرزان بكرێت.
شۆفێرانی تەكسی ئەمڕۆ خۆپیشاندانەكانیان بردە سەنتەری شاری سلێمانی و شەقامەكانی پیرەمێرد، ئۆرزدی و سابوونكەرانیان بۆ ماوەیەك داخست. هاوكات شەقامی بەردەم قائیمقامیەتی سلێمانییان داخست.
شۆفێرێكی تەكسی بۆ پەرەگراف وتی نرخی بەنزین بەراورد بە ساڵێك و شەش مانگ لەمەوبەر، دوو قات زیادی كردووە، لە 450 دینارەوە و بووە بە هەزارو 50 دینار".
شۆفێرێكی دیكەی تەكسی ئاماژە بەوە دەكات كە كێشەكان تەنیا گرانبوونی بەنزین نین، بەڵكوو بارودۆخی بازاڕ بە تەواوی خراپە و هەموو شتێك گران بووە. هەروەها دەڵێت "ئیشی ئێمە لەسەر مووچە بەندە، كە حكومەت مووچە نەدات، ئێمەش ئیشمان نابێت".
بەشێك لە چین و توێژەكانی دیكەیش ئەمڕۆ هاوشانی شۆفێرانی تەكسی بەشداریی ناڕەزایەتییەكەیان كرد و پشتیوانییان لە داواكارییەكانیان كرد.