لاهور شێخ جەنگی: پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆنم و دەسەڵات خۆی چاک نەکات یەکەم کەس پێش خەڵک دەکەوم

14-03-2022 03:41
سەردانی ئەمڕۆی لاهور شێخ جەنگی بۆ قەڵادزێ

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی دوای ماوەیەک بێدەنگی و دوورکەوتنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی، سەردانی قەڵادزێی کردو قسەی بۆ خەڵکی قەزاکە کرد، هێرشی تووندی کردەسەر دەسەڵاتداران و پشتیوانیی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاندو دەڵێت: خەباتی پەرلەمانیی کۆتایی هاتووەو "پەرلەمان سووک و ڕسوا" کراوە.

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "حوکمڕانی ئاوا  دەکرێت؟ مەعقولە نەوت بەرزدەبێتەوە تۆ دەڵێی مووچەم پێنادرێت بۆ کێی باس دەکەیت.. بەرپرسیارێتی واتە خزمەت کردن، کە نەتتوانی خزمەتی میللەت بکەیت دێمەخوارەوە. ئەوەندە خۆشە کورسیی دەسەڵات؟ کورسی دەسەڵات واتە دەبێت شەو و ڕۆژ ڕاکەڕاک بکەیت میللەتی پێ بژییەنیت کە پێت ناکرێت.. ئەمانە دەستیان بە کورسییەوە گرتووە، ئاخر میللەت تف و نەعلەتتان لێ دەکات چۆن لە ڕووتان دێت لە پۆستەکانتان بمێننەوە".

هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی وتیشی "ئەم یەک دوو مانگە سەبر بکەن خۆیان چاککرد چاککرد، خۆیان چاک نەکرد وەڵڵاهی من یەکەم کەس دەبم پێشتان دەکەوم".

لە وەڵامی هاووڵاتییەکیشدا لەبارەی هەوڵەکانی یەکخستنی هەڵوێستی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، لاهور شێخ جەنگی وتی "ئەگەر لە پێناو خەڵکە نەک لەپێناو کورسیی پەرلەمان من پشتیوانییان دەکەم و پێشیان دەکەوم، ئەوە مامۆستا عەلی باپیر ئەوە سەلاحەدین بەهادین و ئەوە کاک شاسوار، لەگەڵ هەموویان قسەم کردووە وتومە یەکبگرن لە پێناو میللەت واز لە کورسی بێنن لە پەرلەمان".

"خەباتی پەرلەمانی کۆتایی پێهاتووەو پەرلەمانیان سووک و ڕسواکرد لە پێناو ئەوەی لێپێچینەوە لە حکومەت نەکات، سەیری پەرلەمانی بەغداد بکەن وەزیرو سەرۆکوەزیران دێنێتە خوارەوە، پەرلەمانەکەی ئێمەش سووک و ڕسواکراوە بەداخەوە کە ئەوە دەنگی میللەتە نەدەبوایە قبووڵ بکەن پەرلەمان وای لێبێت" لاهور شێخ جەنگی وای وت.

ئەو پەیامانەی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆش خۆپیشاندانی ناڕەزایی شۆفێران لە سلێمانی بەردەوام بوو لە دژی گرانیی بەنزین، ئەمبوڵانسەکانی تەندروستیش ماوەیەک کاریان ڕاگرت بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیی، هەروەها نانەواخانەکان نانیان گران کرد و ٦ نان بوو بە هەزار دینار.

دواتر بەرپرسانی ئیداریی ڕایانگەیاند، ئەو کێشانە چارەسەر دەکەن و بە هاوکاریی سەرمایەداران سووتەمەنی بۆ تەکسی و پاس و کەرتی تەندروستی و نانەواخانەکان دابین دەکرێن.