عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ هێرشەكەی سەر هەولێر پێكهێنا و داوای بەڵگە لە ئێران دەكات
پەرەگراف
مستەفا كازمی شوێنەواری مووشەكبارانەكەی هەولێری بەسەر كردەوە و ڕایگەیاند داوایان لە ئێران كردووە بەڵگەكانی سەبارەت بە هۆكاری هێرشەكە پێشكەش بكات.
كازمی دەڵێت، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و پەیامی بۆ خەڵكی كوردستان ئەوەیە لەگەڵیان دەبن و كار دەكەن بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد.
هاوكات مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كازمی داوای كرد لیژنەیەكی نێودەوڵەتی دروست بكرێت تا شوێنەواری هێرشەكە ببینن و ئاشكرا ببێت كە شوێنی مەدەنین و ئەو تۆمەت و بوختانەی دەدرێتە پاڵ هەرێم هیچ بنەمایەكی نییە.
مەسرور بارزانی وتیشی "ئێرە موڵكی هاووڵاتییەكی ئەم وڵاتەیە و بووەتە ئامانجی ململانێیەكی نێودەوڵەتی كە نە عێراق و نە هەرێمی كوردستان، بەشێك نین لەو ململانێیە نێودەوڵەتییە، بە هیچ شێوەیەك ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێتە پاڵ هەرێمی كوردستان كە گوایە شوێنێكی عەسكەری بووە و بۆ وڵاتێكی تر بەكار هاتووە، هیچ بنەمایەكی نییە".
بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە "هاتنی ئەو بۆ هەولێر پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە كە بەغدا هەموو كات پشتیوانی هەولێرە"، وتوشیەتی “داوامان لە وڵاتی ئێرانی دراوسێمان كردووە كە بەڵگەكانی سەبارەت بەهۆكاری ئەم هێرشە پێشكەش بكات و هیوادارم ئەو بەڵگانە لەسەر بنەمای گومان نەبێت".
"لیژنەیەكمان بە سەرۆكایەتیی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بە هەماهەنگیی شاندێكی سەربازی و تەكنیكی پێكهێناوە، بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان"، كازمی وا دەڵێت.
میدیاى نزیک لە سوپاى پاسدارانى ئێران دەڵێت "کۆبوونەوەیەکى ئیسرائلییەکان لە هەولێر کراوەتە ئامانج و هێرشەکە ئامانجى خۆى پێکاوە".
هەروەها باس لە کوژرانى چەندین کەس لەو هیضرشەدا دەدەن. بەڵام بەرپرسانى هەرێم هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.