عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ هێرشەكەی سەر هەولێر پێكهێنا و داوای بەڵگە لە ئێران دەكات

14-03-2022 08:40

پەرەگراف

مستەفا كازمی شوێنەواری مووشەكبارانەكەی هەولێری بەسەر كردەوە و ڕایگەیاند داوایان لە ئێران كردووە بەڵگەكانی سەبارەت بە هۆكاری هێرشەكە پێشكەش بكات.

كازمی دەڵێت، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و پەیامی بۆ خەڵكی كوردستان ئەوەیە لەگەڵیان دەبن و كار دەكەن بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد.

هاوكات مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كازمی داوای كرد لیژنەیەكی نێودەوڵەتی دروست بكرێت تا شوێنەواری هێرشەكە ببینن و ئاشكرا ببێت كە شوێنی مەدەنین و ئەو تۆمەت و بوختانەی دەدرێتە پاڵ هەرێم هیچ بنەمایەكی نییە.

مەسرور بارزانی وتیشی "ئێرە موڵكی هاووڵاتییەكی ئەم وڵاتەیە و بووەتە ئامانجی ململانێیەكی نێودەوڵەتی كە نە عێراق و نە هەرێمی كوردستان، بەشێك نین لەو ململانێیە نێودەوڵەتییە، بە هیچ شێوەیەك ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێتە پاڵ هەرێمی كوردستان كە گوایە شوێنێكی عەسكەری بووە و بۆ وڵاتێكی تر بەكار هاتووە، هیچ بنەمایەكی نییە".

یەکێک لەو شوێنانەى کە کازمى لەگەڵ مەسرور بازانى بەسەرى کردەوە، ماڵی شێخ باز کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار بوو کە لە کەرتی نەوتی ھەرێمدا کار دەکات، کە بەر هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووتری ئێران بۆ سەر هەولێر کەوتووە و زیانى زۆرى پێ گەیشتووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە "هاتنی ئەو بۆ هەولێر پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە كە بەغدا هەموو كات پشتیوانی هەولێرە"، وتوشیەتی “داوامان لە وڵاتی ئێرانی دراوسێمان كردووە كە بەڵگەكانی سەبارەت بەهۆكاری ئەم هێرشە پێشكەش بكات و هیوادارم ئەو بەڵگانە لەسەر بنەمای گومان نەبێت".

"لیژنەیەكمان بە سەرۆكایەتیی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بە هەماهەنگیی شاندێكی سەربازی و تەكنیكی پێكهێناوە، بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان"، كازمی وا دەڵێت.

میدیاى نزیک لە سوپاى پاسدارانى ئێران دەڵێت "کۆبوونەوەیەکى ئیسرائلییەکان لە هەولێر کراوەتە ئامانج و هێرشەکە ئامانجى خۆى پێکاوە".

هەروەها باس لە کوژرانى چەندین کەس لەو هیضرشەدا دەدەن. بەڵام بەرپرسانى هەرێم هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.