داوای دانیشتنێكی پەرلەمان تایبەت بە پێكهێنانی هێز بۆ پاراستنی دەروازە سنوورییەكان دەكرێت

15-03-2022 05:14

پەرەگراف

تایبەت بە پێكهێنانی هێز بۆ پاراستنی دەروازە سنوورییەكان، 69 پەرلەمانتار داوای ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ، پێشمەرگە و دارایی دەكەن.

لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیان كردووە، ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن "دانیشتنێكی تایبەت ئەنجام بدرێت سەبارەت بە ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش بۆ ڕێگەگرتن لە هەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی دوردستان".

یاداشتی 69 پەرلەمانتارەكە پاش ئەوە دێت كە ڕۆژی 7-1-2021، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن بۆ ڕێگەگرتن لە هەرپێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ھات و بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە؛ ئەو ھێزە ھاوبەشە "دەسەڵاتی قانوونیی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری ناقانوونی لە سەرجەم دەروازەكان بەبێ جیاوازی".

پێشتریش حكومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ بڕیاری ڕێگری لە قاچاخچێتیی سنوورەكان و ڕێكخستنەوەی كۆمپانیاكانی لە دەروازەكان دا، سەرەتای ساڵی ٢٠٢١یش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی بۆ هەمان مەبەست دا، بەڵام هێشتا هیچكام لە بڕیارەكان جێبەجێ‌ نەكراون.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٠دا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە پەرگرافی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی ڕێكارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی و یاساشكێنی، هێزی ئاسایشی هەرێم دەستبەكار دەبن لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئێران".

سەمیر هەورامی وتیشی "ئەمە بەشێكە لە بڕیارەكانی حكومەت بۆ چاكسازی و هەر كەسێك قاچاخچێتی و یاساشكێنی بكات ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

بەڵام و قسەی زۆرێك لە پەرلەمانتاران، تا ئێستا قاچاخچێتی لە سنوورەكانی هەرێم بەردەوامە و حكومەتیش خۆی دەڵێت داهاتی هەندێك خاڵی سنووری ناگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت.