عەلی باپیر و شاسوار عەبدولواحید كۆبوونەوە؛ كار بۆ یەكخستنی دەنگە ناڕازییەكان دەكرێت

16-03-2022 11:29

پەرەگراف

لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ یەكخستنی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگە ناڕازییەكان لە بەرەیەكدا، عەلی باپیر و شاسوار عەبدولواحید لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكەیان ئەرێنی بووە و پێویستە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان یەك بگرن و بەرەیەكی كوردستانی لە خەڵكی ناڕازیی دروست بكرێت و ئامادە بن بۆ هەر ئەگەرێك.

"ئەوەی گرنگە بۆ من و نەوەی نوێ‌، ئەوەیە كە بە هەمووان شتێك بكەین، ئەم شتە تەنیا بە نەوەی نوێ‌، یان كۆمەڵ و یەكگرتوو ناكرێت، بەهەموو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان و خەڵكی ناڕازی دەكرێت"، سەرۆكی نەوەی نوێ‌ وای وت.

شاسوار عەبدولواحید وتیشی "دۆخی پارتی و یەكێتی وەك ئەو نەخۆشە وایە كە چواردەورەكەی دەزانن چەند مانگێكی تر دەمرێت، تەنیا خۆی نەبێت. ئەگەر پارتی و یەكێتی لەسەر ئەم ڕێگایە بڕۆن، خەڵك لایان دەبات وەك چۆن سەدامیان لابرد".

ئەو كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت پێشتر و بۆ هەمان مەبەست سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوونەوە. هەردوولا ڕێككەوتن كە لە ڕاگەیاندن و پەرلەمان هەماهەنگ بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قەیرانەكان.

* نەوەی نوێ و یەکگرتوو: هەماهەنگ دەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قەیرانەکان