ڕێبەر ئەحمەد: هێرشەکە بە موشەکی زیره‌كی سنوربڕ بووە کە تەنها لە جەنگدا بەکاردێن

17-03-2022 04:22
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی هەرێم

پەرەگراف

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە بەردەم پەرلەمانی عێراقدا زانیاریی نوێی لەبارەی موشەکبارانەکەی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە ئاشکرا کرد.

ڕێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ ئامادەبوو لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پرسی مووشەکبارانەکەی هەولێر، وتی "موشەکەکانی ئێران زیره‌كی سنوربڕ بوون كه‌ له‌ حاڵه‌تی جه‌نگدا نه‌بێت به‌كارناهێنرێن".

وەزیری ناوخۆ تەئکیدی کردەوە، بۆردومانەکە پێشیلكردنی سه‌روه‌ریی عێراق و شكاندنی رێككه‌وتن و په‌یماننامه‌كانی هاوسێیه‌تی بووەو داوای کرد عێراق ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر تا دووبارە نەبێتەوەو ئامادەیی هەرێمی پیشاندا بۆ هەرجۆرە لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی هێرشەکەو پاساوەکەی ئێران لەوبارەیەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش حاکم زاملی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی لەبارەی هێرشەکە پێکهێنراوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "هێرشەکە بێ بیانووە و هیچ پاساوێکی نییەو ئێمە رێگە نادەین دەزگا و بارەگای هیچ وڵاتێک لێرە هەبێت".

زاملی وتیشی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاودەکەنەوە و دواتر بۆ حکومەتی عێراقی دەنێرن  و پاشان قسەی دیکەیان دەبێت.

هێرشە مووشەکییەکە بە ١٢ مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە ئێرانەوە ئەنجام درا، باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر و ناوچەی مەدەنیی و بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەریی کردە ئامانج.

هێرشەکە چەند بریندارێک و زیانی ماددی لێکەوتەوەو کاردانەوەی فراوانی لە ئاستی هەرێم و عێراق بەدواداهات و بەتووندی ئیدانە کرا.

سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە ڕاگەیاندو وتی "ھێرشەکە بۆسەر ناوەندێکی ستراتیژیی ئیسرائیل بووە".

لە وەڵامدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند "شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە".