دوو ژن؛ دەبنە تاقانەی 2700 نوسینگەی خانوبەرە لە دهۆك

17-03-2022 04:33

پەرەگراف- عەممار عەزیز

بۆ یەكەمجار لە مێژوی شاری دهۆكدا، دوو ژن پێكەوە نوسینگەیەكی خانوبەرە دادەنێن، ئەوەش لەناو دوو هەزار و 700 نوسینگەی دیكەدا كە بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف سەرجەمیان پیاوان بەڕێوەیان دەبەن.

شیرین شەعبان محەمەد (55 ساڵ) و رەمزیا شەعبان حەسەن (50 ساڵ)، لەمساڵدا نوسینگەكەیان بە فەرمی كردەوە و ناویان نا (نوسینگەی خانم).

"بازاڕمان زۆر باشە، شوقە و خانومان فرۆشتووە، گرنگترین شت لای ئێمە رازیكردنی كڕیار و فرۆشیارەكانە بە باشترین شێوە، تەواوی كارەكانیشمان لە رێگای یاسا و رەسمین" شیرین بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو دوو ژنە هاوڕێی یەكترین، پێش كردنەوەی نوسینگەكەش هەر پێكەوە كاری خانوبەرەیان كردووە، وەك شیرین وتی "هەر لەرێگای سۆشیاڵ میدیا و لەرێگای پەیوەندییەكانی خۆم لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێ‌ ئیشمان دەكرد، من خۆم زۆر حەزم لەم ئیشەیە، دواتر بیرم لەوەكردوە لەگەڵ هاوڕێی‌ خۆم ڕەمەزیا نوسینگەیەك بكەینەوە".

ئەو هەنگاوەی شیرین و رەمزیا یەکەم ئەزمونی دانانی نوسینگەی خانوبەرەیە لەلایەن ژنەوە لە دهۆک، بۆیە لەلایەن دەزگا حكومییەكانیشەوە هاوكاری كراون لەكاتی دەرهێنانی مۆڵەتی رەسمیدا.

رەمزیا شەعبان بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەوانەی سەرەدانمان دەكەن لەهەردوو رەگەزن، ژنان كاتێك سەردانمان دەكەن زۆر مورتاحن، لەكاتی كڕینی خانوو یان شوقە پیاو بۆچوونی ژنەكەی وەردەگرێت لەوانەیە بۆ ژن قورس بێت بەتەنیا بچێتە نوسینگەیەك و پرسیاری شوقەیەك یان خانویەك بكات، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئێمەدا ئەو كێشەیەش نامێنێت".

لە فەرمانگە حكومییەكاندا، كاتێك ئەو دوو ژنە سەرقاڵی كاروباری دەركردنی مۆڵەت دەبن، پرسیاری زۆر دەكرێت "دەیانوت بەراستی ئێوە نوسینگەی عەقارات دادەنێن، وەڵڵا ئافەرین بۆ ئێوە" بەوتەی رەمزیا.

شیرین وتی "دوو ئامانجی سەرەكیمان هەیە؛ یەكەم پەیامێك بگەیەنینە هەموو كەسێك كە ژنانی دهۆكیش دەتوانن كاری نوسینگەی عەقارات بكەن، بێ ئەوەی توشی هیچ كێشەیەك ببین، بەڵكو خەڵك بە رێزەوە سەردانمان دەكەن و ئێمەش خزمەتیان دەكەین، ئامانجی دووەمیش ئەوەیە لەم كارەدا داهاتێك بۆ خۆمان و خێزانەكەمان دابیندەكەین".