سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی هێرشی دیكە بۆ سەر هەولێر دەكات

18-03-2022 02:04

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران دەربارەی هێرشەكەی سەر هەولێر جەخت دەكاتەوە كە "چەند جارێك بەرپرسانی هەرێم لەبارەی بوونی بنكەی ئیسرائیلییەكان ئاگادار كراونەتەوە". ڕایشیدەگەیەنێت، ئەگەر ئەو بنكانەی كە ماون لانەبرێن، وەڵامی خۆیان دەبێت.

ڕەمەزان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ كەناڵی مەسیرەی یەمەنی دەڵێت "وێرانكردنی هەر بنكەیەك كە لێیەوە دوژمنەكانمان هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەكەمان بكەن، مافی خۆمانە و ئەوە هێڵی سووری ئێمەیە".

وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران جەخت دەكاتەوە كە "چەند جارێك لە ڕێگەی باڵیۆزەكەمانەوە لە عێراق، هۆشداریمان داوەتە هەرێمی كوردستان دەربارەی ئەو بنكەیەی كە كراوەتە ئامانج و دوو بنكەی دیكەیش".

بە قسەی ڕەمەزان شەریف، ئیسرائیلییەكان خۆیان وتوویانە "ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی كە هاتووەتە سەر ئاسمانی بنكەیەكی ئێران لە كرماشان، لە بنەكەكانی ئیسرائیل لە هەولێرەوە ئاراستە كراوە".

"ئەگەر بەرپرسانی عێراق هەنگاو نەنێن بۆ لابردنی ئەو بنكانەی كە ماون و لێیانەوە ئاسایشمان بكرێتە ئامانج، وەڵامی خۆمان دەبێت"، وتەبێژەكەی سوپای پاسداران وا دەڵێت.

لێدوانەكەی وتەبێژی سوپای پاسداران لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی هەرێم بوونی بنكەی ئیسرائیل لە هەولێر ڕەت دەكەنەوە و جەخت دەكەنەوە ئەوەی كراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەكی مەدەنی بووە.

دوێنێ‌ وەزیری ناوخۆی هەرێم ئامادەبوو لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەسەر پرسی مووشەكبارانەكەی هەولێر، وتی "موشەكەكانی ئێران زیرەكی سنووربڕ بوون كە لە حاڵەتی جەنگدا نەبێت بەكار ناهێنرێن".

وەزیری ناوخۆ تەئكیدی كردەوە، بۆردوومانەكە پێشیلكردنی سەروەریی عێراق و شكاندنی ڕێككەوتن و پەیماننامەكانی هاوسێیەتی بووە. داوایشی كرد عێراق ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر تا دووبارە نەبێتەوە و ئامادەیی هەرێمی نیشان دا بۆ هەر جۆرە لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی هێرشەكە و پاساوەكەی ئێران لەوبارەیەوە.

دوای كۆبوونەوەكەش حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی لەبارەی هێرشەكە پێك هێنراوە، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "هێرشەكە بێ بیانووە و هیچ پاساوێكی نییە و ئێمە ڕێگە نادەین دەزگا و بارەگای هیچ وڵاتێك لێرە هەبێت".

زاملی وتیشی، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاو دەكەنەوە و دواتر بۆ حكومەتی عێراقی دەنێرن و پاشان قسەی دیكەیان دەبێت.
هێرشە مووشەكییەكە بە ١٢ مووشەكی دوورمەودای بالیستی لە ئێرانەوە ئەنجام درا، ناوچەكانی دەروبەری باڵەخانەی نوێی كونسوڵخانەی ئەمریكی لە هەولێر و ناوچەی مەدەنی و بارەگای كەناڵی كوردستان24ی كردە ئامانج.

هێرشەكە چەند بریندارێك و زیانی ماددی لێ كەوتەوە و كاردانەوەی فراوانی لە ئاستی هەرێم و عێراق بەدواداهات و بە تووندی ئیدانە كرا.

سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی خۆی لە ھێرشەكە ڕاگەیاندو وتی "ھێرشەكە بۆ سەر ناوەندێكی ستراتیژیی ئیسرائیل بووە".

لە وەڵامدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند "شوێنی بە ئامانجكراو، شوێنێكی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەكەش دوورە لە ڕاستییەوە".

بەڵام دواتر سوپای پاسدران لە ڕێگەی میدیاكانیەوە جەختی كردەوە كە "هێرشەكە بۆ سەر كۆبوونەوەیەكی ئیسرائیلییەكان بووە و ئامانجی خۆی پێكاوە". ئاماژەی بەوەش كرد كە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی بەشداربوانی كۆبوونەوەكە، ژمارەیەكی زۆر كوژروان".

بەڵام بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ڕەتی دەكەنەوە كە هیچ كۆبوونەوە و بنكەیەكی ئیسرائیل لەو شوێنەدا هەبووبێت، بە تایبەت ئەو ماڵەی كە كراوەتە ئامانج، ماڵی شێخ باز كەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار بوو كە لە كەرتی نەوتی ھەرێمدا كار دەكات.