گەشتوگوزاری سلێمانی: لە سێ‌ ڕۆژدا زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگاكە

19-03-2022 01:27

پەرەگراف

گەشتوگوزاری سلێمانی پلانی خۆی بۆ ڕۆژانی نەورۆز خستەڕوو و دەڵێت "لە ماوەی سێ‌ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار كەس هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەسەدا 80ی ئۆتێل و مۆتێلەكان میوانی تێدایە".

عەلی ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری پەرەگراف تێیدا ئامادە بوو، وتی "تەنیا دوێنێ‌ 18ی مانگ، حەوت هەزار گشتیار بۆ نەورۆز ڕوویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی پێشبینیشی كرد كە ئەمڕۆ سەرجەم ئوتێل و مۆتێلەكان پڕ ببن لە گەشتیار كە زۆرینەیان لە ناوچەكانی خوارووی عێراق و ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە دێن.

عەلی ڕەئوف ڕەتی كردەوە قۆرغكاری و گرانكردنی نرخ لە شوێنە گەشتیارییەكان ڕووی دابێت و دەڵێت "لیژنەكان بە بەردەوامی چاودێری دەكەن".

بەپێی ئامارەكانی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، 200 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سلێمانی كردووە.