شێخ باز: ماڵەكەم بێگانەی تێدا نەبووە و هیچ كات بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكار نەهاتووە

21-03-2022 01:19
شێخ باز كەریم بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار

پەرەگراف

شێخ باز كەریم بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار، ڕەتی دەكاتەوە هیچ كەسێكی بێگانە لە ماڵە بۆردوومانكراوەكەی ئەودا بووبێت و دەڵێت "ماڵی شەخسیی خۆمە و هیچ كات بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكار نەهاتووە". داوایش لە بەرپرسانی ئێران دەكات "بە زووترین كات بێن خۆیان ڕاستییەكان ببینن".

شێخ باز كەریم لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، باسیش لە ڕاكێشانی بۆریی غازی هەرێم دەكات و جەخت دەكاتەوە ”ئەو بڕە غازەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنێت، هێندە زۆر نیـیە هەتا هەناردە بكرێت".

بەشێك لە چاودێران پێیان وایە كردنە ئامانجی ماڵی شێخ باز كەریم بەرزنجی لە لایەن ئێرانەوە، هۆشداریی تارانە بۆ ناوبراو سەبارەت بە هەوڵی ڕاكێشانی بۆریی غازی هەرێم بۆ توركیا، كە پێشتر سەرۆككۆماری توركیا باسی لەوە كردبوو لەگەڵ سەرۆكی هەرێم گفتوگۆیان دەربارەی هەناردەی غازی عێراق بۆ توركیا كردووە.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار دەڵێت "ئەو بۆریی غازەی ئێستا حكومەتی هەرێم بەنیازە ڕایبكێشێت و كۆمپانیای ئێمە جێبەجێی بكات، قۆناغی یەكەمی لە %100 بۆ ژێرخانی هەرێمە، هیچ پەیوەندیی نییە بە غاز بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان".

"نە بۆرییەكە درێژكراوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، نە غازمان هێندە هەیە كە زیاد بێت لە پێداویستیی ناوخۆ، چونكە بۆ ناوخۆی خۆمان پێویستمان بە 950 ملیۆن پێ‌ چوارگۆشە هەیە، ئێستا كوردستان 550 ملیۆن پێ‌ چوارگۆشە غاز بەرهەم دەهێنێت، هێشتا وێستگەی كارەبای دهۆك غازی پێ نەگەیشتووە"، شێخ باز كەریم وا دەڵێت.

دەربارەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر ماڵەكەی بە پاساوی ئەوەی كە "كۆبوونەوەیەكی ئیسرائیلییەكان" لەو شوێنەدا هەبووە، شێخ باز كەریم دەڵێت "هەموو بەرپرسان ئەوانەی سەردانی ماڵەكەمیان كرد، بینییان هەموو ژوورەكان و كەلوپەلی ناو ماڵەكە هی خۆم و خێزانەكەمن، لە جلوبەرگ و پێداویستیی ماڵ كە ڕۆژانە هەموو ماڵێك بەكاری دەهێنێت".

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار باس لەوەش دەكات كە داوای لە باڵوێزی ئێران كردووە خۆیان بێن سەردانی ماڵەكەی بكەن، بەڵام "تا ئێستا بەرپرسانی ئێران نە تەلفۆنیان كردووە، نە هاتوون".