پەیامی نوێ لە سەدرەوە لەبارەی پێکھێنانی حکومەت؛ ڕووی لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانە

21-03-2022 01:24

پەرەگراف

موقتەدا سەدر لە پەیامێکی نوێیدا ڕووی لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانەو داوای پشتیوانییان دەکات لە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکھێنانی حکومەت، لە بەرامبەردا ئامادەیی پیشاندەدات دەرگای چوونەناو حکومەت بەڕوویاندا بکرێتەوە.

سەدر ئەمڕۆ لە تویتێکدا تەئکید لە حکومەتی زۆرینە دەکاتەوەو پێیوایە، حکومەتە تەوافوقییەکان ھیچ سودێکیان بە عێراق نەگەیاندووەو ساڵ لەدوای ساڵ زیانی زیاتریان ھەبووە، دەڵێت "دەبێت لە تەوافوقەوە بەرەو حکومەتی زۆرینە بچین".

سەدر دەشڵێت "پێشتر نەماندەتوانی حکومەتی زۆرینە دروست بکەین، بەڵام ئەمڕۆ توێژێک لە پەرلەمانتاری سەربەخۆ ھەن. داوا لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەکەین پشتیوانی دانیشتنی پەرلەمان بکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بە یەک لەسەر سێ پەکی نەخەن، پێویستمان بە ھەڵوێستی ئازایانەیان ھەیە".

ئەو پەیامەی سەدر بۆ پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لەکاتێکدایە، ٢٦ی ئەم مانگە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکراوەو دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتار ھەیە.

بەھۆی نەگەیشتنە ڕێککەوتنی سەدرو چوارچێوەی ھەماھەنگیی ئەگەر ھەیە ئەو ژمارە پەرلەمانتارە ئامادە نەبن و دانیشتنەکە ئەنجام نەدرێت، بەوپێیەی پەرلەمانتارانی ھاوپەیمانیی سەدرو بارزانی و حەلبووسی ناگەنە ئەو ژمارەیەو پێویستیان بە دەنگی سەربەخۆکان ھەیە.

"ئەگەر پەرلەمانتارانی سەربەخۆ متمانەیان بە من یان کوتلەی سەدری نییە، ئێمە روبەرێکیان لە بەڕێوەبردنی وڵات پێدەدەین، ئەگەر یەکڕیزبنو نەکەونە ژێر باری ھەڕەشەو ئیغرائاتی ترەوە" سەدر وادەڵێت.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو ھێشتا لایەنە کوردییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر یەک کاندیدی ھاوبەش، شیعەکانیش بە ھەمانشێوە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران.