هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار نزیكە و پارتی و یەكێتی ڕێكنەكەوتوون؛ قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكرێت

22-03-2022 06:45

پەرەگراف

چوار ڕۆژی دیكە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراقە و هیچ بەرەوپێشچوونێك لە نێوان كورد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار و شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران نییە. شكستهێنان لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هێناوەتە ئاراوە.

ئەمڕۆ، ڕێبەر ئەحمەد، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان گەیشتە بەغداد. هاوكات سەرچاوەیەكی باڵای كورد بە پەرەگرافی وت، هیچ بەرەوپیشچوونێك لە نێوان یەكێتی و پارتیدا نییە بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش.

نەگەیشتنە ڕێككەوتنی شیعەكانیش لەسەر كاندیدی سەرۆكوەزیران بەربەستێكی دیكەیە، چونكە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، دەبێت ڕاستەوخۆ فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان ڕابسپێرێت بۆ پێشكەشكردنی كابینەی نوێی حكومەت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا.

هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتارە و هاوپەیمانییەكەی سەدر و بارزانی و حەلبووسی كە پێداگرن لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە، ناگەنە ئەو ژمارەیە و چاویان لەسەر پەرلەمانتارە سەربەخۆكانە.

دوێنێ‌ موقتەدا سەدر لە پەیامێكدا داوای لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان كرد پشتیوانییان بكەن لە ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پێكھێنانی حكومەت، لە بەرامبەردا ئەویش ئامادەیی نیشان دەدات دەرگای چوونە ناو حكومەت بە ڕوویاندا بكاتەوە.

* پەیامی نوێ لە سەدرەوە لەبارەی پێکھێنانی حکومەت

پاش ئەوەی بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان بە تایبەت پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار، هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە جاری یەكەمدا شكستی هێنا و وادەكەی كۆتایی هات، بە دەنگی زۆرنەی پەرلەمان بڕیار درا دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە بكرێتەوە و 15ی ئەم مانگەیش محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی ٢٦-٣-٢٠٢٢ی وەكوو وادەی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ڕایگەیاند

ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان و ئەگەری شكستی پەرلەمان بۆ جارێكی دیكە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی هێناوەتە ئاراوە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی دۆڕاوی هەڵبژاردنن و دەیانەوێت هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێننەوە و دووبارە بكرێتەوە.

لە بەرامبەردا نووری مالیكی كە لایەنێكی بەهێزی چوارچێوەی هەماهەنگییە ڕایگەیاند، بە تووندی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ‌و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ڕەت دەكەنەوە.

هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق پرسێكی گەرمە لە شەقام و گۆڕەپانی سیاسی، بەڵام موحسین حەنون عگەیلی، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت، هەڵنەبژاردنی سەرۆككۆمار نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی و پەرلەمان بە دوو رێگا دەكرێت هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەوەش لەسەر داوای سەرۆكوەزیران و ڕەزامەندیی سەرۆككۆمار، یاخود دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران ئەو داوایە بكەن، لە هەردوو حاڵەتەكەشدا دەبێت پەرلەمان بە دەنگدان هەڵوەشاندنەوەكە پەسەند بكات.