سەدرو پارتی و سوننەکان ھاوپەیمانیی 'ڕزگاری نیشتیمانی'یان ڕاگەیاند

23-03-2022 07:44

پەرەگراف 

سەدرو پارتی و سوننەکان بە فەرمی ھاوپەیمانیی 'ڕزگاری نیشتیمانی'یان ڕاگەیاند، ھاوپەیمانییەکە دەڵێت: ڕێبەر ئەحمەد کاندیدمانە بۆ سەرۆککۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

ھاوپەیمانییەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد بە ئامادەبوونی حەسەن عەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدرو محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندرا.

حەسەن عەزاری لە کۆنگرەکەدا وتی، ھاوپەیمانییەکەیان زۆرترین کورسیی لە پەرلەمان ھەیەو حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکدەھێنن.

ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانییەکە لەکاتێکدایە ڕۆژی شەممە وادەی دانیشتنی پەرلەمانە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتارە و هاوپەیمانییەكەی سەدر و بارزانی و حەلبووسی كە پێداگرن لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە، ناگەنە ئەو ژمارەیە و چاویان لەسەر پەرلەمانتارە سەربەخۆكانە.

بۆ ئەو مەبەستە سەدر پەیامێکی ئاڕاستەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کردو وەڵامێکی ئەرێنیی درایەوە، پاشان سەدر سوپاسی کردن و بەڵێنی پێدان وەڵامێکی جوانیان بداتەوە.