قۆناغێكی نوێی ململانێكان لە بەغدا؛ سەدر و پارتی و سوننەكان قسەی كۆتاییان كرد

23-03-2022 09:13

پەرەگراف

لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتر لە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، مانۆڕی سیاسی لایەنەكان چڕتر بووەتەوە. پارتی دەڵێت: پێشبینیی موفاجەئە بكەن بۆ دەرچوونی ڕێبەر ئەحمەد. هەرسێ‌ لایەنی سەدر، پاتی و سوننەكانیش ناویان لە هاوپەیمانییەكەیان نا و كاندیديان بۆ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران یەكلا كردەوە.

شیروان دوبەردانی، ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی لە بەغداد بە پەرەگرافی وت، زۆرینەی پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پێكهاتەكان بڕیاریان داوە بەشدار بن لە دانیشتنەكەی پەرلەمان و ئەگەر هەیە زیاتر لە ڕێژەی پێویست پەرلەمانتاران ئامادە بن.

دوبەردانی وتیشی "هێشتا زووە بگوترێت چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكات".

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری پارتی ئەوەشی خستەڕوو، هاوپەیمانیی زۆرینە كە سەدر و پارتی و سوننەكانە، زۆرترین كورسیی لە پەرلەمان هەیە بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی كە ڕێبەر ئەحمەدە.

"پێشبینیی موفاجەئە بكەن كە دانیشتنەكە بكرێ و ڕێبەر ئەحمەد زۆرترین دەنگ بهێنێت و ببێتە سەرۆككۆمار"، شیروان دووبەردانی وای وت.

ئێوارەی ئەمڕۆیش موقتەدا سەدر، پارتی و سوننەكان بە فەرمی ھاوپەیمانیی (ڕزگاریی نیشتمانی)یان ڕاگەیاند. ھاوپەیمانییەكە دەڵێت "ڕێبەر ئەحمەد كاندیدمانە بۆ سەرۆككۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران".

هەر زوویش موقتەدا سەدر پیرۆزبایی لە گەلی عێراق كرد بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەكە و بە "دەستكەوتێكی گرنگ و دەگمەن" ناوی برد.

سەدر دەڵێت "ھیوادارم حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بە خێرایی پێك بێت و لە ماوەیەكی دیاریكراودا بتوانێت دۆخەكە باش بكات".

هاوكات ناكۆكیی ناو لایەنە كوردییەكان بە تایبەت یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار درێژەی هەیە، هەردوولا بە دوو كاندیدی جیا دەچنە كێبڕكێوە و لە ئێستادا لە بەغدا كار بۆ بەدەستهێنانی دەنگی لایەنەكان بۆ كاندیدەكەینا دەكەن.

هاوشێوەی كورد، شیعەكانیش لەناو خۆیاندا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەر هیچ ناوێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هەرچەندە لە گۆڕەپانی سیاسی و شەقامی عێراقی ناوی جەعفەر سەدر دەهێنرێت كە لەلایەن سەدرەوە كاندید كراوە بۆ سەرۆكوەزیران.

ئەگەر كۆبوونەوەكەی ڕۆژی شەممە سەركەوتوو بێت، لە پاش هەڵبژاردنی لە پەرلەمان، سەرۆككۆمار ١٥ ڕۆژی لەبەردەمدایە كاندیدی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

شیروان دووبەردانی، ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی لە بەغدا دەڵێت، هاوپەیمانییەكەیان ئامادەكاریی كردووە خۆی وەك فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانیی بناسێنێت بۆ پێكهێنانی حكومەت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا.