پەرەگراف بڕیاری یەكێتی دەربارەی بەشداری لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئاشكرا دەكات

24-03-2022 02:28

پەرەگراف- فەرمان سادق

یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دەكات، ئەگەر ڕێككەوتنی لەسەر نەكرێت. هاوپەیمانییەكەی پارتیش لەگەڵ سەدر و سوننەكان بە "مەترسیدار" لە قەڵەم دەدات.

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدادی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف ڕایگەیاند "بەبێ ڕێككەوتن ناچینە كۆبوونەوی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار".

ڕابیحە حەمەد پێی وایە، ئەو هاوپەیمانییەی پارتی لەگەڵ سەدر و سوننەكان كردوویەتی "مەترسیدارە بۆ داهاتووی كورد" و جەختیش دەكاتەوە "سەرۆككۆمار دەبێت كورد لەسەری كۆك بێت".

"زۆرینە و كەمینە لە بەرژەوەندیی كورد نییە، ئەگەر پارتی بە زۆرینەی پەرلەمان سەرۆككۆماری بەدەستهێنا و دواتر پەرلەمان هەر بە زۆرینە بڕیارێكی لە دژی كورد دەركرد، سەرۆككۆمار ناتوانێت هیچ بكات"، ڕابیحە حەمەد وا دەڵێت.

بەرپرسی مەڵبەندی بەغدادی یەكێتی جەخت دەكاتەوە كە "چوارچێوەی هەماهەنگیی بە دڵنیاییەوە زیاتر لە سێیەكی پەرلەمانتارانی هەیە بۆ پەكخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمان". هاوكات گومانی هەیە هاوپەیمانییەكەی پارتی، سەدر و سوننە "فێڵێكی یاسایی بكەن، چونكە دوو لەسەر سێیان نییە و ئەگەر هەیانبوایە زووتریش دانیشتنەكەی پەرلەمانیان دەكرد".

سەبارەت بە هێڵی سووری سەدر بۆ بەشداریی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حكومەت، ئەو بەرپرسەی یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی "چوارچێوەی هەماهەنگی بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەن حكومەتێك پێك بێت هێڵی سووری بۆ بەشداریی ئەوان دانابێت".

دووپاتیشی كردەوە كە وەكوو یەكێتی ڕەتی دەكەنەوە بچنە هەر بەرەیەك ببێتە هۆی "دابەشكردنی ناوماڵی شیعە، پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و كەمینە".