چوارچێوەی هەماهەنگی: فشار و تۆقاندن هەیەو ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی شەممە تەواو نابێت

24-03-2022 03:10

پەرەگراف

چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەكاتەوە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نابن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار. دەشڵێت "فشار و تۆقاندن" لەسەر پەرلەمانتاران هەیە.

لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، فشار و تۆقاندن دەكرێت بەتایبەت لەسەر پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بۆ سازدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان كە مەرجەكانی لە ڕووی ڕێژەی یاسایی و قەناعەتەوە تەواو نین.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەكەیدا داوای لە هەموو هاوبەشەكان لە پرۆسەی سیاسیدا كردووە كە "بە گیانی نیشتمانیی ڕاستگۆیانە مامەڵە بكەن و ئاگاداری بەرژەوەندیی نیشتمان بن. دوور بكەونەوە لە بەكەسیكردن و نیازی خراپ بردن و كوتلەكاریی تائیفی و دەستەیی".

چوارچێوەكە لە بەشێكی بەیاننامەكەیدا جەخت دەكاتەوە كە "دەبێت گەرەنتیی بدرێت كە پۆست نادرێت بە كەسێك كە باوەڕی بە یەكێتی و سەربەخۆیی عێراق نەبێت، كار بۆ پاراستنی خێروبێر و زانیاری و ئاسایشی نەكات".

چوارچێوەی هەماهەنگی بەیاننامەكەی بە دوو خاڵ كۆتایی پێ‌ هێناوە "یەكەم: كۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی داهاتوو بەڕێوە ناچێت، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەیی یاسایی. دووەم: بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەگەڵ هێزەكانی دیكە، بۆ یەكخستنی بیروبۆچوون و دیدگاكان و بەدیهێنانی لێكتێگەیشتن، كە تەواوكردنی بەركەوتە و شایستەكانی داهاتوو دەستەبەر بكات".

هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتارە و هاوپەیمانیی ڕزگاری نیشتیمان كە سەدر و بارزانی و سوننەكان پێكیان هێناوە، پێداگرن لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە و دەڵێن ڕێژەی یاسایی تەواو دەبێت، بۆ ئەوەش چاویان لەسەر پەرلەمانتارە سەربەخۆكانە.