
پەرەگراف
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تەكنیكێكی كلاسیك بەكاردەهێنن وەك چارەسەر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا كە بەكارهێنانی پلازمای خوێنی كەسانی چاكبووەوەیە.
دامەزراوەی خۆراكو دەرمانی ئەمریكا(FDA) بەكارهێنانی ئەو تەكنیكەی پەسەند كردووەو ڕێگەیداوە بە پزیشكانی ئەمریكا لە سەرتاسەری وڵاتەكەیان بەكاری بهێنن.
د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، دەڵێت"ماوەی چەند هەفتەیەكە بە گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوەی زانستی لەگەڵ كۆمەڵێك پزیشكی پسپۆڕ دەربارەی بەكارهێنانی پلازمای چاكبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك چارەسەر بۆ تووشبوان، بڕیارماندا لەمەولا ئەم تەكنیكە بەكاربهێنین بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی".
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەشڵێت"خۆشبەختانە كەمێك لەمەوبەر FDA ئەمریكی بەڕەسمی ئەم تەكنیكەی پەسەند كرد، وەك هەوڵێك بۆچارەسەری نەخۆشەكان، بە ئومێدی چارەسەر بۆ تووشبوان، هیوادارین ئەم تەكنیكە كلاسیكیە سوودی هەبێت".
تا ئێستا 27 تووشبووی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە كە سەرجەمیان لە سلێمانی بوون، ئەوەش لە كۆی 97 حاڵەتی تووشبوون لە سەرتاسەری هەرێم كە 51یان لە سلێمانی بووە.
تەندورستی سلێمانی پلازمای خوێنی ئەو كەسانەی وەرگرتووە كە چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە، ئەوەش بە مەبەستی بەكارهێنانی وەك چارەسەر بۆ كەسانی تووشبوو، بەوپێیەی كەسانی چاكبووەوە بەرگریی لەشیان بەرامبەر ڤایرۆسەكە بەهێزبووە.
تائێستا دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان لە هەرێم بە كۆرۆنا هەبووە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.
تائێستا هیچ ڤاكسینو پێكوتەیەك نییە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو ڕێگریی لە تووشبوون، هەروەها ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەكە دەبن هیچ دەرمانێكی تایبەت بەو ڤایرۆسە نییە پێیان بدرێت، پزیشكان پەنا بۆ دەرمانی نەخۆشییەكانی دیكە دەبەنو بەكاری دەهێنن بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، دامەزراوە تەندروستییەكانی جیهان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی چارەسەری تایبەت بە كۆرۆنا، بەڵام دەڵێن، ئەو كارە زیاتر لە ساڵێكی پێدەچێت.