هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا؛ چوار فراکسیۆنى گەورە پاڵپشتیى دەکەن

28-03-2022 07:54

پەرەگراف

یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەری و چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان واژوویان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد و ڕادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا.

بەپێی هەموارەكە كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، چەند ماددەیەكی یاسای هەڵبژاردن گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و چەند ماددەیەكی نوێ بۆ یاساكە زیاد دەكرێن.

لە گرنگترین گۆڕانكارییەكان دابەشكردنی هەرێمی كوردستانە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بەپێی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم.

دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانیش بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دەبێت، بەپێی دوادابەشكاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

هەر بەپێی پڕۆژەی هەموارەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن داتای بایۆمەتریی تۆماری دەنگدەرانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەكاتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەران و ماوەی دەنگدان لە كاتژمێر ٨ بۆ ٦ی ئیوارەیە و درێژ ناكرێتەوە.

هەر لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان بە ئەلیكترۆنی و دەستی بۆ هەموو وێستگەكان، لەناو وێستگەی دەنگدان ڕاستەوخۆ دەست پێ دەكات و ئەوە دەكرێتە بنەما بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكە.

هەر بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەو كاندیدە سەربەخۆیانەی دەیانەوێت بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن، دەبێت لیستێك بە ناوی (1000) دەنگدەری شیاو بدەن بە كۆمسیۆن كە ئەم زانیارییانە لەخۆ بگرێت: ناوی چواری و ناوی دایك و ساڵ و ڕۆژی لەدایكبوون و شوێنی نیشتەجێبوون، مەرجە ناویان لە تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری هەبێت و ئەندامی هیچ كام لەو حیزبانە نەبن كە مۆڵەتی كاركردنیان هەیە.

كاندیدی سەربەخۆ پێویستە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەو بازنەیە نیشتەجێ بێت كە خۆی تێدا كاندید دەكات و بڕی (15) ملیۆن دینار وەك بارمەتە دابنێت.

ئەو مەرجانەی بۆ كاندیدی سەربەخۆ درانراون، بۆ كاندیدی پێكهاتەكانیش هەن، بە جیاوازیی ئەوەی لیستی ناوی (500) دەنگدەر پێشكەش بكەن كە سەر بە هەمان پێكهاتە بن.

بەپێی پرۆژە هەموارەكە، ماددەی 36ی یاساكە دووبارە هەموار دەكرێت بە جۆرێك یازدە كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان دەكرێت، تۆماری دەنگدانی تایبەتی خۆیان دەبێت و دابەش دەكرێت بەسەر بازنەكاندا.

كورسیی پێكهاتەكان بەم جۆرە دابەش كراون:

- پێكهاتەی توركمان (٥) كورسی (٣ كورسی بازنەی هەولێر ، ٢ كورسی بازنەی سلێمانی).

- پێكهاتەی مەسیحی (٥) كورسی (١ ب هەولێر ، ٢ ب دهۆك ، ٢ ب سلێمانی).

- پێكهاتەی ئەرمەن (١) كورسی (ب دهۆك).

لە كاتی بوونی جیاوازی لە نێوان ژماردنی دەستی و ئەلیكترۆنیدا، ئەو سندووقە دووبارە دەژمێردرێتەوە بە بەرچاوی بریكاری قەوارەی سیاسی و چاودێرانی ڕێكخراوەكان، ئەگەر ڕێژەی جیاوازییەكە لە %3 زیاتر بوو، سندووقەكە بە پووچەڵ هەژمار دەكرێت.

لە پرۆژەیاساكەدا ماوەی (72) كاتژمێر دوای كۆتایی دەنگدان بۆ كۆمیسیۆن دانراوە كە ئەنجامی بەرایی ڕابگەیەنێت و بڵاوی بكاتەوە. ئەنجامە بەراییەكانیش شیاوی تانەلێدانە لە لایەن قەوارەی سیاسی و پاڵێوراوان لە ماوەی سێ ڕۆژ لە ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان.

بۆ دیاریكردنی ژمارەی كورسییە بەدەستهاتووەكانی هەر قەوارەیەكیش لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەك بە جیا، پرۆژەیاساكە داوا دەكات بەم شێوەیە بێت:

1- ئەژمارەی دەنگەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا بە شێوەی ڕێژەیی بكرێت و پاشماوەكەیان بۆ بەهێزترین پاشماوەكان بێت.

2- نیوەی كورسییە بەدەستهاتووەكان بەپێی ڕیزبەندیی دەنگی بەدەستهاتوو لە قەوارە سیاسییەكان دیاری دەكرێت.

3- نیوەی كورسییەكانی تر بەپێی ئەو ڕیزبەندییە دەبێت كە قەوارەكان داویانە بە كۆمسیۆن.