مەسرور بارزانی: هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر هۆشداریی و فشاری ئێرانە

29-03-2022 04:57

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر هۆشداریی و فشاری ئێرانە تا لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر و سوننەكان بكشێنەوە. دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمیشی بە هۆكارێكی دیكەی هێرشەكە ناو برد.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پانێڵێكی لووتكەی حكومەتەكان لە دوبەی، زانیاریی نوێی لەبارەی مووشەكبارانەكەی هەولێر خستە ڕوو و وتی "پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بەو شێوازە نەبووە كە ئەوان (ئێرانییەكان) دەیانەوێت، بۆیە ئەمە گوشاری سیاسین لەسەر ئەندامانی ئەو هاوپەیمانیەتییەی هەیە، بۆ ئەوەی بكشێنەوە".

مەسرور بارزانی ئەوەشی بە هۆكارێكی بنچینەیی هێرشەكەی ئێران ناو برد "تا كاریگەریی خۆی لەسەر عێراق زیاتر بكات" و وتی "ئەو هێرشانە بۆ ئەوەیە هۆشداریمان پێ بدەن".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هەرێمی كوردستانی بە یەكێك لە ناوەندەكانی دابینكردنی وزە "نەك تەنیا بۆ هەرێم، بەڵكو بۆ تەواوی ئەورووپا و جیهان" ناو برد و جەختی كردەوە كە "زیاتر نەوت دەدۆزینەوە و هەوڵی گەشەپێدان دەدەین"، ئەوەشی بە شتێك ناو برد كە "ڕەنگە لە بەرژەوەندی ئێرانییەكان نەبێت".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەو كرد كە كەرتی وزەی هەرێم و گەشەپێدانی، "دەكرێت هۆكارێكی دیكە بێت بۆ هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر.

هەر دەربارەی دۆسیەی وزەی هەرێم و بە تایبەتیش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لەوە كرد كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و بە تایبەتیش وەزیری نەوت لە دانوستاندان.

مەسرور بارزانی جەختی كردەوە كە ئەو بابەتە "هیچ پەیوەندیی بە دەستوور و یاسایی نەبوونی پرۆسەكەوە نییە، ئەمە بڕیارێكی سیاسییە بۆ ئەوەی گوشارمان بخەنە سەر".

"دەبێت ئەوە ڕوون بكەینەوە لەكوێ و بۆ كوێ مامەڵە بە نەوتەوە دەكەین. لە دەستووردا مافەكان بە ڕوونی دیارن، واتا ئێمە دەزانین دەتوانین چی ئەنجام بدەین و چی ئەنجام نەدەین"، مەسرور بارزانی وای وت.