بافڵ تاڵەبانی دوو مەرج و پێشنیارێك دەخاتە بەردەم سەدر

29-03-2022 05:23

پەرەگراف

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی موقتەدا سەدرو بافڵ تاڵەبانی بێئەنجام بووە و هاوسەرۆكی یەكێتی دوو مەرج و پێشنیارێكی خستووەتە بەردەم سەدر.

سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی نیشتمانی سەبارەت بە ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بە پەرەگرافی وت "موقتەدا سەدر داوای لە بافڵ تاڵەبانی كردووە فراكسیۆنی یەكێتی بەشدار بێت لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار".

بە وتەی سەرچاوەكەی پەرەگراف، لە بەرانبەر بەشداری لە كۆبوونەوەكە "سەدر بە هاوسەرۆكی یەكێتی وتووە كە نێوەندگیرییان دەكات لەگەڵ بارزانی بگەنە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش، یاخود یەكێتی دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت لە بەرامبەردا پۆستی گرنگی لە حكومەت پێ بدرێت".

لە وەڵامدا بافڵ تاڵەبانی بە موقتەدا سەدری ڕاگەیاندووە كە "یەكێتی دەستبەرداری سەرۆككۆمار نابێت و بە مافی خۆی دەزانێت، ئەگەر ئەو پۆستەشی پێ بدرێت هێشتا ئامادە نییە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیی جێبهێڵێت و بچێتە كۆبوونەوەی پەرلەمان هەتا ناو ماڵی شیعە یەكنەخرێت".

سەرچاوەكەی پەرەگراف وتیشی "هاوسەرۆكی یەكێتی پێشنیاری بۆ ڕێبەری ڕەوتی سەدر كردووە كە هەوڵەكانی لەبارەی یەكخستنی نێوماڵی شیعە چڕتر بكاتەوە".

بڕیارە سبەینێ‌ كۆبوونەوە دواخراوەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەڕێوە بچێت كە پێشتر بەهۆی بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەمان كۆبوونەوەكە بەڕێوە نەچوو.

لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 26-3-2022، هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەی سەدر، پارتی و سوننەكان هەوڵی زۆری دا بۆ كۆكردنەوەی ڕێژەی پێویستی پەرلەمانتاران، هەرچەندە توانیی هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵك و ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتاری سەربەخۆ ڕازی بكات، بەڵام بەوەشەوە 202 ئەندام چوونە هۆڵی كۆبوونەوەكان و ڕێژەی یاسایی تەواو نەكرد.

لە بەرانبەردا بەرەی بایكۆت كە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان سەركردایەتیی دەكات، توانیی 126 واژووی پەرلەمانتاران كۆبكاتەوە بۆ پەكخستنی كۆبوونەوەكە.

ئەگەر تا سبەینێ‌ ڕێككەوتنی نوێ‌ لە نێوان بەرەكانی شیعە و هاوكات لە نێوان پارتی و یەكێتی نەكرێت، ئەستەمە كۆبوونەوەكە ڕێژەی یاسایی تەواو بكات.