پەرلەمان جارێکی دیکە شکستی هێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار

30-03-2022 02:24
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق. وێنە؛ ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆش نەیتوانی ڕێژەی یاسیی کۆبکاتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

دانیشتنەکەی پەرلەمان گۆڕدرا بە دانیشتنێکی ئاسایی بەو پێیەی کەمتر لە ٢٢٠ ئەندام ئامادەبوون کە پێویستە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ڕێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکان هۆکاری شکستی پەرلەمانە.

هاوپەیمانییەکەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بەڵام پەرلەمانتارانی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی کە سێیەکی پەکخەری پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لە ماڵی هادی عامری کۆبوونەوەو نەچوونە پەرلەمان.

لەناو فراکسیۆنە کوردییەکانیش سەرجەمیان جگە لە پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد، نەوەی نوێ کە لە دانیشتنی پێشوو ئامادەبوو، ئەمجارە ڕایگەیاند، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی هیچ خاڵێکی ئەو ١٧ خاڵەی پێشکەشیان کردووە لە بەرامبەر بەشداربوونیان لە کۆبوونەکەدا، ئەوا بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئەمە سێیەم جارە پەرلەمان شکست دەهێنێت لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، تەنها هەفتەیەک وادەی یاسیی لەبەردەم پەرلەماندا ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.