سەدر: کێکەکەتان لەگەڵدا بەش ناکەم و ئەم چەقبەستووییە باشترە لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێوەدا

30-03-2022 02:53

پەرەگراف

موقتەدا سەرد لە پەیامێکی توونددا ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان رەت دەکاتەوەو دەڵێت: کێکەکەتان لەگەڵدا بەش ناکەم و ئەم چەقبەستووییە باشترە لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێوەدا.

پەیامەکەی سەدر دوای ئەوەدێت لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەمڕۆش شکستیان بە کۆبوونەوەی پەرلەمان هێنا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

سەدر لە تویتێکدا دەڵێت "ڕێککەوتنتان لەگەڵدا ناکەم. ڕێککەوتن واتا کۆتایی وڵات. نا بۆ هەموو شێوەیەکی ڕێککەوتن".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەشڵێت "ئەوەی بە چەقبەستوویی سیاسی ناودەبرێت باشترە لە ڕێککەوتن و دابەشکردنی کێکەکە لەگەڵ ئێوە. هیچ خێرێک لە حکومەتی تەوافوقی و پشکپشکێنەدا نییە".

"چۆن ڕێکدەکەون لەگەڵ کوتلەیەک لە کاتێکدا ئێوە هێرش دەکەنەسەر هەموو لایەنەکان و هاوبەشەکانتان کە هەوڵدەدەن ڕایانکێشنە بەرەی خۆتان. ئەی گەلی عێراق ناتانگێڕمەوە بۆ ناخۆشیی و نەهامەتییەکانی ڕابردوو ئەوەش بەڵێنێکی سەرڕاستانەیەو نیشتمان ناچێتەژێرباری پاشکۆیی و داگیرکەرو پشکپشکێنە.. گەل هەرگیز بۆیان ناچەمێتەوە" سەدر وادەڵێت. 

هاوپەیمانییەکەی ڕەوتی سەدر لەگەڵ پارتی و سوننەکان زۆرینەی پەرلەمانیی هەیە، بەڵام دوو لەسەر سێیان نییە کە ٢٢٠ پەرلەمانتار دەکات و پێویستە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.  

دوای ئەو ھەڵوێستە تووندەی سەدر، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی ئەمڕۆ ڕێگرییان لە دانیشتنێکی مەترسیدار کردو وەرەقەیەکی دەستپێشخەرییان ئامادە کردووە بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووییە.

مالیکی دەڵێت "ھاوپەیمانیی سێ قۆڵیی(سەدر، بارزانی و سوننە) ھیچ ڕێگەچارەیەکیان نەخستووەتەڕوو کە گرەنتی دانەڕمانی پڕۆسەی سیاسی بکات، ئەمڕۆو سبەی دەستدەکەین بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و لایەنەکانی دیکە بۆ دەرچوون لەم دۆخە".