سزای دوو چالاكی بادینان كەم كرایەوە و ئازاد دەكرێن

31-03-2022 01:35

پەرەگراف

بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، سزای دوو كەس لە چالاكانی بادینان كەم كرایەوە. پارێزەرانی دۆسیەكە دەڵێن "ئازادكردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە و دەستبەجێ‌ ئازاد بكرێن".

بەشدار حەسەن، پارێزەر لە دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دادگای پێداچوونەوە بڕیاری دا بە سوككردنی سزای چالاكانی بادینان شێروان تەها و مەسعود شنگالی بۆ دوو ساڵ".

پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارەی 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان، شێروان تەها سزای دوو ساڵ و شەش مانگ و مەسعود شنگالی سزای سێ‌ ساڵ و شەش مانگیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەشدار حەسەن وتیشی "ئەو دوو چالاكە ماوەی ساڵێك و حەوت مانگە لە زینداندان و ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی مەرجدار كە بۆ هەر ساڵێك سێ‌ مانگە) دەیانگرێتەوە، بۆیە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە جێبەجێكردنی بڕیاری ئیفراج شەرتی دەكەین و دەستبەجێ‌ ئازاد دەكرێن".