پارتی و سوننەكان: بەبێ‌ كوتلەی سەدر حكومەتێكی بەهێز پێك نایەت

01-04-2022 12:12

پەرەگراف

هەردوو هاوپەیمانەكەی سەدر جەخت لە پابەندییان بە هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلەی سەدری دەكەنەوە و دەڵێن "بەبێ ئەوان حكومەتێكی بەهێز پێك نایەت".

لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری كە هاوپەیمانی سەدرن، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دەڵێن "لە كاتێكدا ئەو هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین، هاوكات جەخت دەكەینەوە لە پابەندبوونمان بە هاوبەشی لەگەڵ براكانمان لە كوتلەی سەدری".

ئەو دوو لایەنە دەڵێن "پێمان وایە حكومەتێكی بەهێز بەبێ‌ بەشداریی كوتلەی سەدری پێك نایەت".

پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری بۆ پێكهێنانی حكومەت "جەخت لە گفتوگۆی نیشتمانیی بنیاتنەرانە"ی لایەنە عێراقییەكان "دوور لە دەستوەردانی دەرەكی" و "لێكتێگەیشتن لە نێوماڵی شیعە" دەكەنەوە.

هاوپەیمانەكانی سەدر لە بەیاننامە هاوبەشەكەیاندا سوورن لەسەر "پشتگیری و ڕێككەوتنی هەموو لایەنەكان لەسەر كاندیدەكەی ڕەوتی سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران".

بەیاننامەكەی پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری پاش ئەوە دێت كە شەوی ڕابردوو لە دەستپێشخەرییەكدا داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی كرد "دەست بكەن بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بۆ حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ كوتلەی سەدر".

سەدر دەرفەتی داوەتە ئەو لایەنانە كە لە سەرەای ڕەمەزانەوە تا 40 ڕۆژ پرسی پێكهێنانی حكومەت یەكلا بكەنەوە. تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.